ئاسایشی ھەولێر گرۆپێكی تاوانكاری دەستگیركرد

پێش كەمێك له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر دانپێدانانی گرووپێكی تێكده‌ری بڵاو كردەوە، كه‌ چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی تاوانكارانه‌یان ئه‌نجام داوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر بڵاوی كردەوە كە دوای روودانی دوو کردەوەی تاوانکارانە، لێکۆڵینەوە و چاودێری وردی تیمەکانیان دەستیپێکرد و لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار ئەندامی گرووپێکی تاوانکار دەستگیر کران، کە یەکێکیان ئافرەتە و دوو تاوانکاری دیکەی گرووپەکەش دەستنیشان کران و فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوەكەی ئاسایشی هه‌ولێرە:

دوای روودانی دوو کردەوەی تاوانکارانە، لێکۆڵینەوە و چاودێری وردی تیمەکانمان دەستیپێکرد و لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار ئەندامی گروپێکی تاوانکار دەستگیرکران، کە یەکێکیان ئافرەتە و دوو تاوانکاری دیکەی گروپەکەش دەستنیشانکران و فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە.

بە پێی دانپێدانانی تاوانباران (سهیلە خالد سلطان رحیمی) لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی (هەردی محمد سمایل) پیلانی ئەو دوو کردەوەیان داناوە، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی سزای بەندکردنی (هەردی)، کە سێ ساڵە بەهۆی کوشتنی هاوڕێیەکی خۆی بەناوی (جێگر عبداللە عزیز) دەستگیرکراوە و لەلایەن دادگاوە حوکمدرا بە پازدە ساڵ بەند کردن.

سهیلە، داوای لە کەسێکی نزیکی خۆی کردووە بە ناوی (احمد ئازەری- هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی ئێران) لەبەرانبەر پێدانی بڕی “سەد ملیۆن تومەنی ئێرانی” یەکێك لە شوبراکانی یان ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەیان بکوژێت، تاوەکو ماڵی (جێگر)ـی کوژراو تۆمەتبار بکرێن بە تۆڵەکردنەوەی خوێنی کوڕەکەیان، دواتر هەردوولا ناچارببن سوڵح بکەن و سزای حوکمدانی (هەردی) کەمبکرێتەوە.

احمد ئازەری، بەهۆی بازرگانیکردنی لەگەڵ (بارزان عزیز ابراهیم) پەیوەندی هەبووە و چەند جارێك هاتووەتە هەولێر، دواتر داوای لە هەریەك لە (بارزان عزیز ابراهیم، هەڵگورد صابر طە، بەختیار ئیسماعیل و هەژار صابر طە) کردووە، هاوکاری بکەن بۆ کارێکی دژ بە براکانی هەردی حوکمدراو.

لە شارۆچکەی تەقتەق، نارنجۆکێکی دەستی “رومانە” دەکڕن و دواتر لەلایەن تاوانباری داواکراو (هەژار صابر طە) ئامادە دەکرێت و لەنێو قوتویەکی دۆشاوی تەماتە، لە ١٥/١/٢٠١٩ له‌ پێش ماڵی یەکێك لە برایەکانی هەردی بەناوی (دلێر محمد سمایل) دادەنرێتەوە و بە دوو کرێکاری ژینگەپارێزی شارەوانیدا دەتەقێتەوە، ئەم کردەیە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژینگەپارێزێکی شارەوانی بەناوی (محمد سەجیب حسێن) و بریندار بوونی کارمەندێکی هاوپیشەی، کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی بەنگلادیش بوون.

دووەم کردەوەی تێکدەرانەیان لە ٥/٣/٢٠١٩ بوو، کاتێك سهیلە داوا لە تاوانباری داواکراو (احمد ئازەری) دەکاتەوە، کردەیەکی دیکە بکەن. تاوانباری هەڵاتوو (احمد ئازەری) لە رێگەی تاوانباری داواکراو (هەژار صابر طە) نارنجۆکێکی دیکە لە ماڵی برایەکی هەژار بەناوی (هەڵگورد صابر طە) ئامادە دەکەن، لە پێش ماڵی برایەکی دیکەی حوکمدراو هەردی، بەناوی (دەشتی محمد سمایل) لە گەڕەکی زیلانی هەولێر، نارنجۆکە ئامادەکراوەکە دادەنرێتەوە و بە هاوسەری (دەشتی) و کچەکەیدا تەقیەوە و بووە هۆی بریندار بوونیان.

هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی هەردوو تاوانباری داواکراو (احمد ئازەری) و (هەژار صابر طە) و دڵنیاییش دەدەینە هاووڵاتییان، کە ئەم دوو کردەوەیە تەنها کاری تاوانکارانە بووە.

Back to top button