لە عێراق یاری PUBG قەدەغە دەكرێت

 

دوای ئەوەی چەند وڵاتێك یاری پۆپ گی یان قەدەغەكرد یان كاتەكانی كاركردنی سنورداركرد, عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە پۆپ جی و هەموو یاریە زیان بەخشەكان قەدەغە بكات, جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەیەك لێژنەی پەرلەمانی راسپارد, بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە یارییە ئەلیكترۆنییە زیانبەخشەكان بكەن و رەشنووسێك بۆ قەدەغەكردنی ئەو یاریانە ئامادە بكەن، كە زیانیان بۆ سەر تاكەكانی كۆمەڵگا هەیە.

نووسینگەی حەسەن كەعبی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “حەسەن كەعبی هەریەك لە لێژنەكانی یاسایی، رۆشنبیری، ئاسایش و بەرگری و بە هاوكاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان راسپاردووە، بەمەبەستی دیراسەكردن و لێكۆڵینەوەكردن لەو زیانانەی بەهۆی یارییە ئەلیكترۆنییەكانەوە بە تاكەكانی كۆمەڵگا دەگەن”.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە، “جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لەو لێژنانە كردووە، پڕۆژە بڕیارێك بۆ قەدەغەكردنی ئەو یاریانە ئامادە بكەن، كە زیانیان بۆ كۆمەڵگا هەیە”.

كەعبی لە راگەیەندراوەكەدا دووپات دەكاتەوە، “بەشێك لە یارییە ئەلیكترۆنییەكان زیانی زۆریان بە گەنجەكانمان گەیاندووە و كاتێكی زۆریان لێ بە هەدەر دەدەن، بەهۆی ئەو یاریانە لە رۆشنبیری، هزر و كار دوور كەوتوونەتەوە، بە شێوەیەك كە ئێستا بووەتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر سەقامگیری زۆربەی خێزانە عێراقییەكان، بە ئاڵوودەبوون و دابڕانی تاكەكان لە كۆمەڵگا‌، ئەو یاریانە كاریگەری نەرێنی زۆریان درووست كردووە و بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی كیشەگەلێك بۆ ژیانی هاوسەرگیری لە ناو خێزانەكاندا”.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئامارەكانی وەزارەتی تەندرووستی عێراق ئاماژە بە چەند حاڵەتێكی مردن دەكات، كە بەهۆی یاری “PUBG”ـیەوە گیانیان لەدەستداوە.

Back to top button