مەترسیی چۆڵکردن لەسەر ١٤ گوندی دیکەی کورد لە مەخموور ھەیە

فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور گوتی، داعش لە سنووری مەخموور بووەتە مەترسییەکی جددی و ئێستا مەترسیی لەسەر ١٤ گوندی دیکەی مەخموور ھەیە و ڕەنگە ئەوانیش گوندەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە داعش بەردەوام تەعدایان لێ دەکات و بەزۆر پارەیان لێ وەردەگرێت.

یادگار ئەحمەد، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “جموجووڵی داعش لە سنووری مەخموور بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئێستا بەئاشکرا دەچنە سەر گوندەکانی کورد و تەعدایان لێ دەکەن و پارەیان لێ وەردەگرن و جگە لەو گوندانەی چۆڵ کراون چوونەتە سەر ١٤ گوندی دیکەی کورد لە سنووری قەراج و دارەبزمارە و ھەر ماڵێک ٢٥٠ ھەزار دیناریان لێ وەرگرتوون، بۆیە مەترسی لەسەر ئەو ١٤ گوندە ھەیە و ئێستا بەنیازن گوندەکانیان چۆڵ بکەن.”

یادگار ئەحمەد گوتیشی: “ئەو ناوچانە دەکەونە سنووری ھێزە عێراقییەکان و لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆشاییەکی ئەمنی دروست بووە و ھێزە عێراقییەکانیش ئەو ناوچانە ناپارێزن و توانای پاراستنیان نییە و لە ئێمەشەوە دوورن بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێ بکەین، بۆیە ئەگەر چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزرێتەوە سەرجەم گوندەکانی کورد لەو سنوورە چۆڵ دەکرێن.”

گوتیشی: “جموجووڵی داعش لە سنووری مەخمور گەلێک زۆر بووە و بەئاشکرا دەسووڕێنەوە و بەپێی گوتەی گوندنشینان ژمارەی چەکدارانی داعش لەو سنوورە دەگاتە ٣٠٠ چەکدار.”

Back to top button