داعش بووتەوە مەترسی بۆسەر شنگال

نزیکیی تیرۆریستانی داعش لە شنگال، مەترسیی گەورەن بۆ سەر ژیان و ئاسایش و ئارامی و دڵنیایی خەڵکی شنگال و دەوروبەری، کە بە هۆیانەوە تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لەم بارەیەوە، بەرپرسی ڕێکخستنی فەرماندەیی شنگالی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە ”بەهۆی کۆنتڕۆڵ نەکردنی ناوچەکە، خەڵکی شنگال ترسی ئەوەیان هەیە داعش لە خاڵی سنووریی نێوان خانەسۆر و ڕۆژئاوای کوردستان بگەڕێتەوە شارەکەیان“.

خەلیل شڤان، بەرپرسی ڕێکخستنی فەرماندەیی شنگالی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەم بارەیەوە گوتی: ”داعش لە ناوچەکانی شنگال، بەعاج و قەیرەوان کۆتایی نەهاتووە، چونکە هێشتا و بەدرێژایی ٨ کیلۆمەتر، ڕێگای سنووریی نێوان خانەسۆر و سووریا، کۆنتڕۆڵ نەکراوە. بۆیە مەترسییەکی گەورە هەیە تیرۆریستانی داعش لەو دەڤەرە بێنەوە شنگال و دەوروبەری و کردەوەی تیرۆریستی و تاوان ئەنجام بدەن“.

خەلیل شڤان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە: ”بەشێکی ئەو سنوورە بە دەستی پەکەکە و بەشەکەی تریشی لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای عێراقدایە. ماوەیەک پێش ئێستا شەڕ و بەریەککەوتن لەنێوان پەکەکە و سوپای عێراق لەو ناوچەیە ڕوویان دا، حکوومەتی عێراق دەیەوێ لە ڕێگای فیرقەی 15ی سوپاکەی دەڤەرەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام پەکەکە ڕێگرە، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگا سنوورییە بۆ مەرامە تایبەتییەکانی خۆی بەکار بهێنێت، ئەمەش وا دەکات داعش سوود لەم ناکۆکی و ئاڵۆزییانە وەربگرێت و بگەڕێتەوە شنگال“.

بەرپرسی ڕێکخستنی پێشمەرگە لە شنگال ئاماژە بەوە دەکات: ”پەکەکە و بەغدا بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆیان لەسەر سنووری شنگال و ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ دەکەن. ئەوان ئاگایان لە شنگال و لێقەوماوەکانی شارۆچکەکە و دەوروبەری نەماوە. شەڕی ئەوان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکەیە. لەڕاستیدا پەکەکەش نایەوێ داعش لەو سنوورە نەمێنێت، چونکە بە نەمانی داعش، ئەگەر پەکەکە چەکی خۆی دانەنێت و بە مەرجەکانی بەغدا ڕازی نەبێت، ئەوا شەڕ لەنێوان پەکەکە و سوپای عێراق دروست دەبێت“.

Back to top button