ئەیاد عەلاوی: بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤۰ پێشنیارێ لە بەرژەوەندی کورد دەکات
لەگەڵ ئەوەی دەبوایە لە کۆتاییەکانی ساڵی ۲۰۰۷ ماددەی ۱٤۰ کە سێ قۆناغ بوو بەتەواوەتی جێبەجێ کرابایە، بەڵام حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق ئامادەی جێبەجێکردنی نەبوونە، لەو بارەیەوە سەرکردەیەکی باڵای عێراقی پێشنیازێک لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەکات.
د. محەمەد ئیحسان، وەزیری پێشووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بارەی پێشنیارەکەی عەلاوی راگەیاندووە، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانی و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق هاوخەمی کوردە و پێشنیازەکەی گرنگە.
محەمەد ئیحسان هەروەها رایگەیاند، کە پێشنیازەکەی ئەیاد عەللاوی بریتی بوو لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق.
ئەو وەزیرەی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 کاریگەریی بەسەر ماددەی 140 هەبوو و پێویستە هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆی سیاسی، ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
بەپێی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، کە لە ساڵی 2005 زۆرینەی گەلی عێراق و کوردستان پەسەندیان کردووە، پێویستە حکوومەتی عێراق بارودۆخی کەرکووک، خانەقین، خورماتوو، مەخمور، شنگال و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دیکە ئاسایی بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتەکانی عێراق ئەو ماددەیەیان جێبەجێ نەکردووە.
هەروەک ماددەکە دیاری کردووە، دوای ئاساییکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، راپرسییەک لەو ناوچانە دەکرێت و تێیدا خەڵک دەنگ بە مانەوە لەژێر دەسەڵاتی عێراق یان گەڕانەوە بۆ سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان، دەدەن.