زیرەکی منداڵ لە دایکەوە دێت نەک لە باوك

پزیشکانی زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا رایدەگەیێنن زیرەکی منداڵ لە دایکەوە دێت نەک لە باوک.

پزیشکانی ئەمریکی لە نوێترین توێژینەوەیاندا پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لەنێوان بۆماوە و ئاستی زیرەکی، ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی (Psychology spot) بڵاوکراوەتەوە.

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە روونیدەکەنەوە، لە توێژینەوەکانی پێشووتر دەرکەوتبوو زیرەکی منداڵ بە یەکسانی لە باوانییەوە بۆی دێت، بەڵام ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەریدەخەن ئەو بۆهێڵانەی لە دایکەوە دێن بەرپرسن لە ئاستی زیرەکی منداڵ نەک بۆهێڵەکانی باوک.

توێژینەوەکە لەسەر 12 هەزار کەسی تەمەن 14-22 ساڵ ئەنجامدراوە، دوای شیکردنەوەی داتاکانی بەشداربووان پزیشکە ئەمریکییەکان بۆیاندەرکەوتووە، دایک رۆڵێکی بەرچاو لە بەهێزکردنی توانای فێربوون و ئاستی زیرەکی منداڵەکەی دەگێرێت.

پزیشکانی زانکۆی واشنتن دەڵێن، کرۆمۆسمی X بەرپرسە لە ئاستی زیرەکی، هەروەها روونیدەکەنەوە تەنیا بۆماوە نییە کە هۆکارە بۆ زیرەکبوون، بەڵکو بەخێوکردن، بەخشینی خۆشەویستی و هەست و سۆزی دایکەکە بۆ منداڵەکەی هۆکارن بۆ گەشەکردنی هەندێک لە ناوچەکانی مێشکی منداڵ و زیرەکبوون.

Back to top button