ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ی سلێمانی گۆڕاو و یه‌كێتی هۆشداری ده‌دات

خواكوڕك

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 19/11/2016 خۆپیشاندانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌ سلێمانی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و خۆپیشانده‌ران لەبەردەم بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی كۆبوونه‌ته‌وه‌.

په‌یامنێرمان له‌ نێو خۆپیشاندانه‌كان پێی راگه‌یاندین، خۆپیشانده‌ران به‌ هۆتاف و ده‌نگی به‌رز داوای ئاشكراكردنی داهات و چاره‌نوسی پاره‌كانی پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ن.

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت به‌خواكوڕكی راگه‌یاند، ئاگادارن كه‌ ویستێك هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان بۆ سه‌ر یه‌كێتی له‌و ده‌ڤه‌ره‌ بگۆرێت.

هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌ ده‌شڵێت، هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت وه‌كو تۆڵه‌یه‌ك بۆ هاوڕا نه‌بوونی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانی، به‌مشێوه‌یه‌ تۆڵه‌ له‌و حزبه‌ بكه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، ئێمه‌ له‌ كاتی پێویست وه‌ڵاممان ده‌بێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ لێی ده‌رناچن.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی چه‌ند نمایشێكی سیاسی، ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ره‌و توندوتیژی ببات و به‌مشێوه‌یه‌ فشاری سیاسی بۆ سه‌ر یه‌كێتی و پارتی زیاد بكات.

Back to top button