به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ نازناوه‌که‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌

له‌ چوارچێوه‌ی یارییه‌کانی هه‌فته‌ی 31 ی خولی ئیسپانیدا یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی پێشه‌نگی خوله‌که‌ له‌سه‌ر یاریگای کامپ نۆ میوانداری یانه‌ی ئه‌تله‌تیکومه‌دریدی کرد .

به‌رشه‌لۆنه‌ به‌سه‌ر کردایه‌تی لیونیل میسی توانی به‌ ئه‌نجامی دووگۆڵی بێ وه‌ڵام سه‌رکه‌وتن تۆماربکات و سێ خاڵی دیکه‌ بخاته‌ سه‌ر کۆی خاڵه‌کانی .

له‌ تایمی یه‌که‌می یارییه‌که‌دا گۆڵ تۆمار نه‌کرا ، به‌ڵام دیگو کۆستای هێرشبه‌ری ئه‌تله‌تیکومه‌درید له‌لایه‌ن ناوبژیوانی یارییه‌که‌وه‌ به‌ کارتی سور کرایه‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگا.

له‌ تایمی دووه‌مدا و به‌سود وه‌رگرتن له‌ که‌می یاریزانانی ئه‌تله‌تیکومه‌درید یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ کۆنترۆڵی ته‌واوی یاریگایان کرد ،  لویس سوارێز له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا توانی گۆڵی یه‌که‌م له‌ خوله‌کی 85 دا تۆماربکات .

لیونیل میسی گۆڵکاری خوله‌که‌ش له‌ خوله‌کی 87 دا واژۆی له‌سه‌ر گۆڵی دووه‌می یانه‌که‌ی کرد و به‌ته‌واوی سیمونی و یاریزانانی ئه‌تله‌تیکو مه‌دریدی بێ هیواکرد به‌و شێوه‌یه‌ش یارییه‌که‌ کۆتایهات و یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ نازناوه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی ئیسپانی نزیکتربۆوه‌ .

به‌رشه‌لۆنه‌ به‌م سه‌رکه‌وتنه‌ کۆی خاڵه‌کانی گه‌یانده‌ 73 خاڵ و له‌ پێشه‌نگی خوله‌که‌ دێت ، به‌ڵام یانه‌ی ئه‌تله‌تیکومه‌درید خاوه‌نی 62 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌م دێت .

Back to top button