كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی رێگرە لە دەستنیشانكردنی كاندیدەكانی ئەو حزبە بۆ پۆستە حكومیەكان

 

دوای نزیكەی ١٠٠ كۆبوونەوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت، تا ئێستا باڵەكانی ناو یەكێتی لەناو خۆیاندا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

ماڵپەڕی (خواكوڕك) لە سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو كۆبوونەوەكانی یەكێتی زانیویەتی: دابەشكردنی بەركەوتەی پۆستەكانی یەكێتی لەناو حكومەت كێشەی باڵەكانی ئەو حزبەی قوڵتر كردووتەوە و تا ئێستا یەكلایی نەكراوەتەوە ئاخۆ كێ دەبێتە كاندید بۆ پۆستە حكومیەكان.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: تا ئێستا تەنھا ئەوە یەكلایی كراوەتەوە كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەت دەبێت، ھۆكاری یەكلایی كردنەوەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە كە پارتی قوباد تاڵەبانی پێ قبوڵە.

پیشتر فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی گوتبووی: “كاك قوباد نیوەی ھی ئێمەیە و نیوەی ھی یەكێتی”.

سەرچاوەكەی خواكوڕك ئاماژەی بەوەكرد: شەڕی پۆست لەناو یەكیتی بووەتە گریەكی كوێر، بەجورێك ھەر باڵە و دەیەوێ زۆرترین كاندیدی ھەبێت بۆ پۆستە حكومیەكان”.

پێشتر عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گوڕان رایگەیاندبوو: یەكێتی كێشەك پۆستی ھەیە نەك تێبینی لەسەر شێوازی حكومڕانی.

دەربارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن یەكێتیەوە، ئەو سەرچاوەیە گوتی: باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی دەیانەوێ ھەرچونێك بێت (بێگەرد تاڵەبانی) ببێتە سەرۆكی پەڕلەمان، بەلام باڵی كوسرەت رەسوڵ داوا دەكان لەبەرامبەر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كە بەر باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی كەتووە، پۆستی سەرۆكی پەڕلەمان بە (رێواس فایەق) بدرێت، كە سەر بە باڵی كوسرەت رەسوڵە.

Back to top button