مەسرور بارزانی: پێشوازی لە ژمارەیەك رۆشەنبیر و نووسەری عەرەبكرد, داوای كرد لە رێگای قەلەمەكانیان كار لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتیانە بكەن
دوای ئەوەی 14ەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر كرایەوە كە لە ئێستادا بەردەوامە, دەیان وەشانخانەی ناوچەكەو نێودەوڵەتی بەشداریان تێداكرد,ژمارەیەكی زۆری نوسەران بە تایبەت نوسەرە عەرەبەكان, لە پێشانگاكە بەشداربوون بۆ واژۆكردن لەسەر بەرهەمەكانیان, ئەمڕۆ هەموو ئەو نوسەرو رۆشەنبیران لە لایەن راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیان لێكرا.
مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەو دیدارەدا پەیوەندیی هاوبەش و رۆڵی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی كورد و عەرەب لەلایەك و رەوشی رۆشنبیری و رۆڵی نووسەرانی لە قووڵكردنەوە و پتەوكردنی لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن و رەتكردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر تاوتوێ كرا.
لە سەرەتای دیدارەكەدا، مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی شاندی میوان بۆ هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا، كە گەلی كوردستان بە ناو و پێگەی ئەوان ئاشنایە و گوتی: “ئێوە لە رێگەی دەربڕین و قەڵەمەكانتانەوە دەتوانن رۆڵی كارا و ئەرێنی خۆتان لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و یەكترقبووڵكردنی نێوان هەردوو گەلی كورد و عەرەب بگێڕن و یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان”.
لە بەشیكی دیكەی خستنەڕووی بۆچوونەكانیدا لەبارەی خەباتی هاوبەش و پێكەوەیی نێوان گەلانی رەسەنی ناوچەكە، راسپاردەیەكی بارزانیی نەمری بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە، كە بەردەوام پێداگیر بووە لەوەی نابێت رێگە بدرێت خەبات و شەڕی نێوان شۆڕشی كورد لەگەڵ حكوومەتەكان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی، ببێتە شەڕ و ناكۆكیی نێوان گەلان.
هەر لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی باسی لە مرۆڤدۆستیی و بەخشندەیی و رەوشتی بەرزی گەلی كورد كرد، كە لە هیچ بارودۆخێكدا دەستبەرداری ئەو گیانە نەبووە و گوتی: “خزمەتكردنی برایانامان لەوانەی بە هۆكاری جودا پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، بە ئەركی مرۆیی خۆمان دەزانین و بەشێكە لە فەرهەنگی گەلەكەمان”.
هەروەها داوای لە ئامادەبووان كرد، ببنە باڵیۆزی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی برایانە و رایگەیاند، دەتوانین پێكەوە بەهێزتر و دەوڵەمەنتر بین، بۆئەوەی وڵاتەكەمان ئاوەدانتر بكەینەوە.
لە بەشێكی دیكەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێشڤەچوونی ئەرێنیی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دا و رایگەیاند، ئێمە بە كورد و عەرەبەوە بووینەتە قوربانیی سیستمە دیكتاتۆرییەكان و گوتی: “زۆرجار خەڵك كراوەتە قوربانیی ئەجێندای سیاسی”.
لەبارەی ژیان و گوزەرانی عێراقییانەوە جەختی لەوە كردەوە، كە عێراق لە رووی سامانی ئابووری و بەشەرییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام كێشەی خراپ بەڕێوەبردنی هەیە. هەر لەم روانگەیەوە چارەسەركردنی بنەڕەتییانەی كێشە سیاسییەكانی بە مەبەستی سەقامگیری و گەشەسەندنی عێڕاق بە پێویست زانی.
دواتر بەشێك لە ئامادەبووان تێبینی و بۆچوونەكانی خۆیان خستەڕوو و سەرسامیی خۆیان بە پێكەوەژیانی برایانەی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزاكانی هەرێمی كوردستان و پێشكەوتن و بوژانەوەكان لە گشت بوارەكاندا، باتایبەتی لە بواری رۆشنبیری دەربڕی و ئاواتی سەكەوتنیان بۆ مەسرور بارزانی خواست لە ئەركی نوێیدا، بۆ زیاتر بووژانەوەی بوارەكان و گەیاندنی هەرێمی كوردستان بە نموونەیەكی پێشكەوتووی ناوچەكە.
هەروەها پێشنیازی ئەنجامدانی فێستیڤال و چالاكیی دیكەی هاوشێوەی پێشەنگای كتێبیان كرد، بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و تێكەڵاویی زیاتری رۆشنبیران و نووسەرانی نێوان هەردوو گەل.