دوای هەژماركردنەوەی دەنگەكانیش پارتەكەی ئەردۆگان لە ئیستەنبۆڵ دۆڕا

دوای ئەوەی لە 31ی مانگی رابردوو، هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە سەرانسەری توركیا و باكووری كوردستان بەڕێوەچوون، لە ئەنجامە نافەرمییەكاندا پارتی داد و گەشەپێدان، كە سەر بە رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەیە، لە ژمارەیەك پارێزگا و گەورە شاری ئەو وڵاتە تووشی شكستێكی گەورەی بوو، لەوانەش ئەنقەرەی پایتەخت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كورد لەو شارانە دەنگیان بە كاندیدانی جەهەپە دا، بەتایبەت جەماوەری پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپه”.ئەمەش ناڕەزایەتی ئاكەپەی لێكەوتەوە داوای دوبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی كرد.
پاش دوو رۆژ لە هەژمارەكردنەوەی دەنگەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەواندا لە شاری ئیستەنبوڵ، عەلی ئیحسان یاوۆز، جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان “ئاكەپە” گوتی: دوای ئەوەی هەژماركردنەوە بۆ لە 70%ی دەنگە پووچەڵكراوەكان كراوە، ئێستا جیاوازی لە نێوان بینالی یڵدرم، كاندیدی ئاكەپە بۆ ئیدارەی شارەوانی ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ، ركابەرەكەی لە پارتی گەلی كۆماری “جەهەپە” تەنیا 16 هەزار و 442 دەنگ ماوەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی توركی، یاوۆز رایگەیاندووە، چەندین پێشێلكاری رێكخراو لە هەژماركردن و هەلاوێركردنی دەنگەكانی ئیستەنبوڵ كراوه.
لە شاری ئیستەنبوڵیش ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ، كاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی شارەوانی ئەو شارە بەرامبەر بە بیناڵی یڵدرمی ركابەرەكەی لە ئاكەپە سەركەوتنی بەدەستهێنا.
ئەمەش وایكرد پارتی داد و گەشەپێدان تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن لەو شارانە بدات، كە بەرامبەر بە جەهەپە شكستی هێناوە و داوای دووبارە هەلاوێركردنی دەنگە پووچەڵكراوەكانی كرد، بەو هیوایەی باڵانسی هێزی سیاسی جەماوەری لەو ناوەندانە لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت.
لە بەرامبەریشدا پارتی گەلی كۆماری “جەهەپە” دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە نایاسایی دەزانێت و لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانیش بەوە تۆمەتبار دەكات، كە سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوە و كەوتووەتە ژێر هەژموونی ئاكەپە.