كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا: هۆشداری دەداتە ئەردۆگان رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگرێت و دان بە شكستی پارتەكەیدابنێت

 

دوای ئەوەی لە كۆتای مانگی رابردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە توركیا بەڕێوەچوون, كە بە پێی ئاكامەكانی هەڵبژاردن پارتەكەی ئەردۆگان لە سێ‌ گەورە شاری توركیا شكستی هێنا, ئەگەرچی تانەی لە ئەنجامەكان گرت و داوای دوو بارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی كرد, بەپێی زانیاریەكان تائێستا دۆڕاوە, كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا داوا لەسەرۆك كۆماری توركیا دەكات، رێز لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن بگرێت.

فرانس تیمەرمانس، جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا، بە رۆژنامەیەكی ئەڵمانیی راگەیاندووە، لە ساڵانی دواییدا توركیا زۆر لە بەھاكانی یەكێتییەكەیان دووركەوتووەتەوە و، ئەگەر دەسەڵات رێز لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن نەگرێت، دۆخەكە خراپتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، مافی پارتە سیاسییەكانە نارەزایی دەربارەی ئەنجامەكان دەرببرن و داوای لێكۆڵینەوە بكەن، بەڵام دەبێ ئەنجامەكان بێ لایەنانە لێكۆڵینەوەیان بۆ بكرێت و پێویستە ئاكپارتیش رێز لە ئەنجامەكان بگرێت.

ناوبراو گوتیشی، ھاووڵاتییانی توركیا لە سیاسەتی ئەردۆگان بەرامبەر ئەوروپا تووڕەن و داوای لە دەسەڵات كرد، جارێكی دیكە بەرەو بەھاكانی ئەوروپا بگەڕێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ پارتی داد و گەشەپێدان “ئاكەپە”ـی دەسەڵاتدار لە توركیا رایگەیاند، داوا لە لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی وڵاتەكەیان دەكەن، دووباری دەنگەكانی هەڵبژاردن لە سەرانسەری ئیستەنبول بە شار و شارۆچكەكانییەوە هەلاوێر و هەژمار بكرێنەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەواندا لە شاری ئیستەنبوڵ، عەلی ئیحسان یاوۆز، جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان “ئاكەپە” گوتی: دوای ئەوەی هەژماركردنەوە بۆ لە 70%ی دەنگە پووچەڵكراوەكان كراوە، ئێستا جیاوازی لە نێوان بینالی یڵدرم، كاندیدی ئاكەپە بۆ ئیدارەی شارەوانی ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ، ركابەرەكەی لە پارتی گەلی كۆماری “جەهەپە” تەنیا 16 هەزار و 442 دەنگ ماوەتەوە.

Back to top button