لەم هەفتەیە كابینەی نوێی عێراق تەواو دەكرێت لە پەرلەمان دەنگ بە بەربژێرەكان دەدرێت

 

دوای تێپەڕینی زیاتر لە شەش مانگ تا ئێستا نەتوانراوە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق تەواو بكرێت و چەن وەزارەتێك وەزیریان بۆ یەكڵا نەكراوەتەوە, پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بە هۆی ئەوەی رێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا كراوە لەسەر كاندیدی ئەو وەزارەتانەی ماون، لە ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەدرێت.

ناسر ھەركی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە: “رۆژی چوارشەممە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەكەنەوە و چاوەڕێ دەكرێت لەو كۆبوونەوەیەدا دەنگ لەسەر تەواوكردنی ئەو سێ وەزارەتە بدرێت كە لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق ماون، چونكە جۆرێك لە رێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا هەیە لەسەر دیاریكردنی كاندید بۆ ئەو پۆستانە”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە بەغدا گوتیشی:” شیعەكان لێكنزیكبوونەوەی باشیان هەیە لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و سوننەكانیش كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری دیاری كردووە، بەمەش تەنیا وەزارەتی داد دەمێنێت و لە ئێستادا یەكێتی و پارتییش رێك كەوتوون و ئەویش بە ئاسانی یەكلا دەكرێتەوە و كێشە نابێت، بۆیە ئەم هەفتەیە كابینەی حكوومەتی عێراق تەواو دەكرێت.

Back to top button