دکتۆرێک: بەبێ دڵەڕاوکێ کەنگر بۆ زستان هەڵگرن

بەرپرسێكی تەندروستی ڕوونكردنەوە لەسەر هەڵگرتنی كەنگر لەناو بەفرگر دەدات كە دەنگۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی لەسەر بڵاو کرابۆوە و دڵنیایی دەدات هیچ مەترسییەک نیە و تەنیا دەنگۆیە.

لەشكری حەمید ئەندازیاری خۆراك ڕاگەیاند، ماوەیەك لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا باس لە خراپی هەڵگرتنی كەنگر دەكرێت لەناو بەفرگردا و گوایە زیانی هەیە و دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە، ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەكی نییە.

ئەو ئەندازیارەی خۆراك كە بەرپرسی پاراستنی خۆراكە لە تەندروستی سلێمانی گوتی، تا ئێستە بەپێی هیچ بنەمایەكی زانستی ئەوە نەسەلمێنراوە كە هەڵگرتنی كەنگر لەناو بەفرگردا مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروست بكات.

زیاتر روونی دەکاتەوە، پێویستە كەنگر بە كەمێك زەیتی زەیتوون سوور بكرێتەوە یان زەرد بكرێت دواتر بكرێتە ناو زەرفەوە و لە بەفرگردا هەڵبگیرێت، بەهیچ جۆرێك نابێت كەنگر بە كاڵی یاخود بە كوڵاوی هەڵبگیرێت، چونكە ئەو بڕە ئاوەی تێیدا دەمێنێت هۆكارە بۆ تێكچوونی كنگرەكە، هەربۆیە پێویستە بە زەردكراوی یان بە سورەوەكراوی هەڵبگیرێت.

لە وەرزی بەهاردا هاوڵاتیانی کوردستان کەنگریکی زۆر دەکڕن و لەناو بەفرگردا بۆ وەرزی زستان و پایز هەڵی دەگرن و بەگویرەی رێنماییەکانی ئەو پزیشکەیش هاوڵاتیان دەتوانن بە دڵنیاییەوە لە زستاندا کەنگر بخۆن.

 

 

Back to top button