مەسرور بارزانی پێشوازی لە رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ دووشهممه 8/4/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لەدیدارێکدا داو پێشهاتەکانی ناوچەکە و پێویستی یەکریزی و تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان تاوتوێ کرا.
لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێویستی یەکریزی گەلی کوردستان و بایەخدان بە بەرژەوەندی گشتی دا و رایگەیاند، گەلی کوردستان شایستەی خزمەتکردنی زیاترە و نابێت بکرێتە قوربانی ئەجێندای حزبیەوە.
هەر لەم سۆنگەوە تیشکی خستە سەر گفتوگوکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە لەپێناو دابینکردنی داخوازی و داواکاری هاووڵاتیانەوە پەلە لە هەنگاوەکان بکرێت.
لەبەرامبەردا رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رۆڵی سەرۆک بارزانی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان بە کاریگەر و پێویست زانی و جەختی لە تەبایی ویەکریزی لە پێناو بەھێزبوونی زیاتری ھەرێمی کوردستان کردەوە و ھەروەھا ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە ئەرکی نوێیدا خواست و پاڵپشتی حزبەکەشی لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانی و گشتیەکاندا راگەیاند.