دانەوەی قەرزی بەڵێندەران پڕۆژە ڕاگیراوەکان بەگەڕدەخاتەوە

سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی ھەولێر گوتی، ئەمڕۆ دەست بە خەرجکردنی ١٠٠ملیۆن دۆلاری دیکەی قەرزی بەڵێندەران کرا، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو ٣ھەزار پڕۆژەیەی بەھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوون دەست پێ بکەنەوە، چونکە چەندە حکوومەت قەرزەکان بداتەوە، ئەوەندەش پڕۆژەی زیاتر جێبەجێ دەکرێن.

د. سەرۆ دزەیی، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ دوای ڕەزامەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە خەرجکردنی ١٠٠ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران کرا و ئەم جارەش جیا لە جاری پێشوو بۆ ھەر پارێزگایەک ٢٠ملیۆن دۆلار ڕەوانە کراوە و ھەرکاتێک پارەکە تەواو بوو پارەی دیکەیان بۆ ڕەوانە دەکرێت و پارەکەش بەپێی پڕۆژە دەبێت.”

د. سەرۆ دزەیی گوتیشی: “بەھۆی قەیرانی داراییەوە لە ھەرێمی کوردستان ٣ھەزار پڕۆژە ڕاگیرابوون، بەڵام ئێستا باری داراییی ھەرێمی کوردستان باش بووە و حکوومەتیش ملیارێک دۆلار قەرزاری بەڵێندەران بوو و پێشتر ١٠٠ملیۆن خەرج کرا و وای کرد دەست بە دروستکردنی پڕۆژەکان بکرێتەوە و ئێستا ١٠٠ملیار دیناری دیکە خەرج کراوە و وای کردووە پڕۆژەی زیاتر جێبەجێ بکرێت، چونکە مووچە بە تەواوی دەدرێت و لایەنەکان ڕێککەوتنیان کردووە، بۆیە ئەم جارە پڕۆژەی زۆر زیاتر دەست پێ دەکەنەوە.”

دزەیی باسی لەوەش کرد: “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە پارەی زیاتر خەرج بکرێت و ئێمەش لە ھەوڵی بەردەوامداین، بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژەکان کە ڕاگیرابوون دەست پێ بکەنەوە، چونکە دانەوەی قەرزی بەڵێندەران وا دەکات سەرجەم پڕۆژەکان دەست پێ بکەنەوە.”

Back to top button