رۆژی چوارشه‌ممه‌ په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆدەبێتەوە

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات كه‌ به‌شداریكردنیان یان نه‌كردنیان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی چوارشه‌ممه‌ی په‌رله‌مان ئه‌و كاته‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ئیمزا ده‌كرێت یان دواده‌كه‌وێت، ئه‌و كاته‌ش ئه‌وان بڕیاری خۆیان له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن یان نا.

ئەمڕۆ دوشەممە، ڤالا فه‌رید سه‌رۆكی پەرلەمانی كوردستان بانگێشتنامەیەكی ئاراستەی سەرجەم پەرلەمانتاران كرد تا لە كاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ئامادەی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ببن.

زیاد جه‌بار، ئه‌ندامی په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند، به‌پێی ئه‌و كارنامه‌یه‌كی كه‌ به‌ ده‌ستمان گه‌یشتوه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ سه‌عات 2:00 ی پاشنیوه‌ڕۆ په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنیان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئاشكرایكرد”وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ وتومانه‌، تا رێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامنه‌ده‌ین ناچینه‌ كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه.

وتیشی”له‌ ئێستادا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كراوه‌، وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌شداری خوێندنه‌وه‌ی دوه‌می هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێممان كردوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك پێشنیار كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا بكرێت، كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ لیژنه‌ی یاسایی پابه‌ند ده‌بێت پێوه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ ئاماده‌بكرێت بۆ ده‌نگدان.”

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو”پێده‌چێت سبه‌ینێ یان دو سبه‌ی به‌یانییه‌كه‌ی رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی ئیمزابكرێت، بۆیه‌ ئێمه‌ گه‌شبینین به‌وه‌ی كه‌ پێش كۆبونه‌وه‌كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ ئیمزابكرێت و ئێمه‌ش هه‌مان كات به‌شداری له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین، بۆیه‌ به‌شداریكردنمان یان نه‌كردنمان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ ئیمزا ده‌كرێت یان دواده‌كه‌وێت، ئه‌و كاته‌ش ئێمه‌ بڕیاری خۆمان له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌ده‌ین كه‌ به‌شداری ده‌كه‌ین یان نا.”

Back to top button