ھەورامی: لەچەند كاتژمێری داھاتوو رێككەوتنی پارتی و یەكێتی واژوو دەكرێت

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، هێمن هه‌ورامی، رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌. تێگه‌یشتنێكی باش له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌یه‌ وه‌ك براوه‌ی دووه‌م. له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی واژوو كراوه‌.

گوتیشی: پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان وه‌ك سێ پایه‌ی سه‌ره‌كی پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌ سه‌ر پۆسته‌كانیش گه‌یشتوونه‌ته‌ خاڵی كۆتایی و له‌ سه‌دا 98ی پۆسته‌كان یه‌كلا كراونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌مڕۆ بانگهێشتی په‌رله‌مانتارانمان كردووه‌، كاتژمێر 02:00ی رۆژی چوارشه‌ممه‌، خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م بۆ پێشنیازی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت و ئومێد ده‌كرێت تا ئه‌و كاته‌ رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی واژوو بكرێت و له‌و دانیشتنه‌دا هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌سند ده‌كرێت.

روونیشیكرده‌وه‌، دوای په‌سندكردنی پێشنیازی هه‌مواره‌كه‌ له‌ 10ی ئه‌م مانگه‌دا، دوای سێ رۆژ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌، دواتر له‌ دوو هه‌فته‌ی دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێردرێت.

هێمن هه‌ورامی، هیواشی خواست تا یه‌ك مانگی دیكه‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم پێكبهێنرێت.

Back to top button