توێژرێکی ئۆکسفۆرد: تورکیا هەمیشە سەرئێشە بووە بۆ ناتۆ، ئێستا پیاوە نەخۆشەکەی ناتۆیە

 

دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵێکدا سەرۆکی تورکیا سێ جارسەردانی روسیا بکات، پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ رووسیا لە ئاستێکدایە پێچەوانەی خەونی وڵاتانی ڕۆژ ئاواو ئەندامانی ناتۆیە، توێژەرێكی ئۆكسفۆردیش لە وتارێكدا ئەردۆغان و توركیا بە پیاوه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی ناتۆ وەسف دەكات.
.
گه‌یلیپ دالای د نووسه‌ر و توێژه‌ری زانكۆی ئۆكسفۆردی به‌ریتانیا له‌ وتارێكی تێروته‌سه‌لدا به‌ ناونیشانی “پیاوه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی ناتۆ” ده‌نووسێ كه‌ ئه‌گه‌رچی توركیا له‌ ساڵی ١٩٥٢ه‌وه‌ ئه‌ندامه‌ له‌ ناتۆ، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌شدا به‌ هۆی پێگه‌ی جیۆستراتیجی و سیاسه‌تی ناوخۆیی و مێژووه‌كه‌یه‌وه‌، به‌رده‌وام هۆكاری سه‌رئێشه‌ بووه‌ بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ندام له‌ ناتۆ.

نووسه‌ر تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هاوكاتبوونی ٧٠یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی ناتۆ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ كڕینی سیسته‌می به‌رگری S-400ی ڕووسی كه‌ جێگای نیگه‌رانی ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاوایه‌. ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا واژۆ بكات، ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ناتۆ ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیار.

هه‌ڵبه‌ت پێشوه‌خته‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌مریكا هۆشدارییان به‌ توركیا داوه‌ له‌ ئه‌گه‌ری كڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی، ئه‌وا واشنتۆن ده‌ستی واڵا ده‌بێت بۆ سه‌پاندنی گه‌مارۆ به‌سه‌ر توركیادا. به‌ پێی وتاره‌كه‌، كێشه‌كه‌ له‌ داواكاری توركیا بۆ كڕینی سیسته‌می S-400ه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵكو ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌و كاته‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ كه‌ توركیا هه‌وڵه‌كانی خستووه‌گه‌ڕ بۆ به‌هێزكردنی كه‌رتی سه‌ربازی و پێشی وایه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا، به‌ دیاریكراویش وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ناتۆ، هێنده‌ی چین و ڕووسیا ئاماده‌ییان تێدا نییه‌ بۆ یارمه‌تیدانی توركیا له‌ ته‌كنه‌لۆجیای نوێی سه‌ربازی.

بابه‌تێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ قه‌یرانی سووریاوه‌ هه‌یه‌. توركیا و وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ناتۆ، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش، به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، له‌م دواییه‌ به‌رده‌وام له‌ كێشمه‌كێشدا بوون. به‌ڵام وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌ ڕۆژئاوا له‌وانه‌یه‌ تاكه‌ خاڵی هاوبه‌شی نێوان توركیا و ڕووسیا بێت كه‌ دوای بازرگانییه‌كی سنووردار له‌ نێوانییان ئه‌م دوو وڵاته‌ له‌ یه‌ك نزیك بكاته‌وه‌.

نووسه‌ر پێی وایه‌ كه‌ ڕووسیا له‌ راستیدا ناتوانێت جێگه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ توركیا بگرێته‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوانیان سنوورداره‌. له‌ ڕاستیدا، تاكه‌ ده‌ستكه‌وتی ستراتیجی توركیا له‌م په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌و گڵۆپه‌ سه‌وزه‌یه‌ كه‌ ڕووسیا بۆ توركیا نیشان دا تا ناوچه‌یه‌ك له‌ باكووری سوریا داگیر بكات. به‌ڵام كڕینی سیسته‌می به‌رگری S-400 له‌ ڕووسیا پێده‌چێت هاوكێشه‌كه‌ بگۆڕێت به‌وه‌ی كه‌ توركیا له‌مه‌ودا چاوی له‌ ده‌ست و كه‌ره‌می ڕووسیا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی هه‌ر هه‌نگاوێكی ناتۆ یان ئه‌مریكا دژ به‌ ئه‌نكارا بگرێت.

نووسه‌ر له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر ئاراسته‌كه‌ به‌شێوه‌ی ئه‌مه‌ بێت كه‌ تا ئێستا هه‌بووه‌، پێده‌چێت توركیا بكه‌وێته‌ نێو به‌رداشی دوو جه‌مسه‌ری هێزی جیهان، هه‌ركاتێك ئه‌مه‌ ڕوو بدات، ئیتر بۆ توركیا دره‌نگه‌ و ناتوانێت پشت به‌ هیچ كامیان ببه‌ستێت.

Back to top button