کۆچەر بیرکار: من میواندارییەکی باش کرام لەلایەن حکومەتی هەرێم

کۆچەر بیرکار رایگه‌یاند: چەند ڕۆژ دوای نەورۆزی ئەمساڵ سەردانی باشووری کوردستانم کرد بۆ نزیکەی دە ڕۆژ، سەردانەکە ئەکادیمی بوو و تا توانیم لەگەڵ لێکۆڵەران، بەڕێوەبەرانی زانکۆکان، کاربەدەستانی حکومەت و تەنانەت خەڵکی دەوڵەمەند باسی چەند پرۆژەی زانستیم کرد.

کۆچەر بیرکار لە لاپەڕەی فەرمی خۆی باس لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و ده‌ڵێت: کە گەیشتمە هەولێر پێشوازیم لێکرا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: بەڕاستی خەڵکی باشووری کوردستان میواندۆستن و خۆشەویستی خۆیان بە هەموو شێوەیە دەربڕی.

چەند ڕۆژ دوای نەورۆزی ئەمساڵ سەردانی باشووری کوردستانم کرد بۆ نزیکەی دە ڕۆژ، سەردانەکە ئەکادیمی بوو و تا توانیم لەگەڵ لێکۆڵەران، بەڕێوەبەرانی زانکۆکان، کاربەدەستانی حکومەت و تەنانەت خەڵکی دەوڵەمەند باسی چەند پرۆژەی زانستیم کرد و داوای پاڵپشتی و یارمەتیم لێ کردن.

کە گەیشتمە هەولێر پێشوازیم لێکرا لە لایەن زانکۆی سەڵاحەدینەوە بە ئامادەبوونی کاک ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆ و کاک هێرش عەبدوڵا ڕاگری کۆلیژی زانست. دوای ئەوە بە دیداری دایک و باوک و خزم و کەسوکار شاد بوومەوە. دوای سەعاتێ سەردانی کاک یۆسف گۆران وەزیری خوێندی باڵام کرد. دوای ئەوەش بەشداری ئەو کۆڕە جوانەم کرد کە بۆ بەخشینی دوکتورای فەخری لە لایەن زانکۆی سەڵاحەدینەوە ڕێکخرابوو و تێیدا زۆرێ کەسایەتی زانکۆیی و دەوڵەتی بەشدار بوون. چەند خولەکێک بەر لە کۆڕەکە لەگەڵ کاک نێچیروان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و کاک قوباد تاڵەبانی جێگرەکەی باسی چەند پرۆژەی خوێندنم کرد و پاڵپشتی خۆیان ڕاگەیاند.

ڕۆژی دواتر سەردانی کاک مەسعوود بارزانیمم کرد و ئەو پرۆژانە لەوێش باس کران و دیسان پاڵپشتی کران، دوای ئەوە سەردانی کاک پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەم کرد و باسی پەروەردە و پێوەندی لەگەڵ خوێندنی باڵا کرا.

چەند ڕۆژ دواتر بەشداری کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژەی تایبەت بە بیرکاریم کرد، لێکۆڵەرانی بیرکاری لە زانکۆکانی هەرێم بانگهێشت کرابوون کە توێژینەوەکانیان پێشکەش بکەن، پێم وابێ ئاستی لێکۆڵینەوەکان باشتر بوون بەراورد بە نۆ ساڵ پێش کە سەردانی هەرێمم کرد، لە کۆتایی کۆبوونەوەکە چەند خاڵ بۆ بەرەوپێش چوونی بیرکاری لە هەرێم باس کران.

دوای ئەوە دیسان لەگەڵ کاک نێچیروان بارزانی کۆبوونەوەمان کرد و بە وردی باسی پرۆژەکانمان کرد سەبارەت بە خوێندنی باڵا و دیسان پاڵپشتییان ڕاگەیاند.

ڕۆژێ دواتر سمینارێکم پێشکەش بە خوێندکارانی کۆلێژی زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین کرد و باسی خوێندن و لێکۆڵینەوەم کرد بە گشتی. دوای ئەوە بەشداری کۆبوونەوەیەکم کرد تایبەت بە خوێندکاران و مامۆستایانی دواناوەندی کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە لە شارەکانی کوردستان بانگهێشت کرابوون.

لە ماوەی سەردانەکەدا لەگەڵ چەند تەلەفزوێن و ڕۆژنامە وتووێژم کرد و پەیامەکەم گەیاند.

لە بەر سەرقاڵی و لە بەر باران بارین نەمتوانی زۆر خەریک گەشتیاری بم، بەر لەوە بگەمە هەولێر لە فڕۆکەخانە لەگەڵ دوو کەس لە عەشیرەتی دزەیی ئاشنا بووم و باسی دیوەخانی دزەییەکانیان کرد لە هەولێر. لام سەیر بوو کە دیوەخان هێشتا ماوە. لە ناوچەی مەریوان دیوەخان بووە بەڵام لە زووەوە نەماوە، ئێوارەیە ڕۆیشتم بۆ دیوەخانی دزەییەکان کە زۆر میوانی لێ بوو و قاوەیان پێ ئەدان، ڕۆژێکیش چووم بۆ شەقڵاوە بەڵام باران نەیهێشت زۆر بگەڕێم.

سەردانەکە بە گشتی زۆر بەسوود بوو بۆ خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

لە لایەکی تریشەوە زۆر خۆش بوو بۆ من و میواندارییەکی باش کرام لە لایەن حکومەتی هەرێم و زانکۆی سەڵاحەدین و دۆست و خزمان و زۆر کەسی ترەوە و لێرەوە زۆر سپاسی هەموویان ئەکەم. بەڕاستی خەڵکی باشووری کوردستان میواندۆستن و خۆشەویستی خۆیان بە هەموو شێوەیە دەربڕی و دیسان سوپاس.

 

Back to top button