به‌م رێگایانه‌ خۆت له‌ چه‌وری خوێن رزگار بكه‌

خواكوڕك

یەكەم: پاقلەمەنییەكان، بەپێی نوێترین توێژینەوەی پزیشكی كە لە گۆڤاری كۆمەڵی كەنەدی بڵاوكراوەتەوە، تێیدا رێنوێنیمان دەكات كە ئەوانەی چەوری خوێنیان بەرزە هیچ كات خواردنی پاقلەمەنییەكان لەیاد نەكەن، كە لە “پاقلە و نیسك و بەزالیا” پێك دێن، ئەگەر ژەمێكی رۆژانەتان سێ لەسەر چواری ئەم جۆرە خواردنانە بێ، ئەوا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی چەوری زیانبەخش لە خوێندا بە ڕێژەی 5%، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە و سوودی زۆری دەبێ لە دووركەوتنەوە و تووشبوون بە مەترسییەكانی زۆری چەوری لە خوێندا.

دووەم: ئاڤۆگادۆ، میوەیەكی ئەمەریكییە و لە ماركێتەكان بە ئامادەكراوی دەست دەكەوێت، سوودی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە و توێژەرانی زانكۆی پەنسلڤانیا لە نوێترین توێژینەوەدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی خواردنی میوەی ئاڤۆگادۆ كاریگەری سەرسوڕهێنەری هەیە لە كەمكردنەوەی چەوری خوێن، بەگوێرەی ئەجامەكان كە كۆمەڵێك كەس تاقیكردنەوەیان لەسەركرا، ئەوانەی میوەی ئاڤۆگادۆیان خوارد و بەڕێژەی 7% چەوری لە خوێنیاندا كەم دەبێتەوە.

سێیەم: شۆفان (جۆی هاڕاو)، بە باشترین خواردن بۆ لەناوبردنی چەوری زیادەی نێو خوێن ناسراوە، توێژەران بۆ ماوەی چوار هەفتەی شۆفانیان دا بەو كەسانەی چەوری خوێنیان بەرزە و دوای چوار هەفتە پێوانەی چەوری نێو خوێنیان كردنەوە و بۆیان دەركەوت كە بە ڕێژەی 10% چەوری جۆرە خراپەكەی كۆلیستڕۆل لە خوێنیاندا كەم بووەتەوە.

چوارەم: بادەم، بەپێی ئەو توێژینەوەیەی كەلە گۆڤاری خۆراكی ئەمەریكی بڵاوكراوەتەوە، هەر كەسێك بەیانیان بەر لە خواردنی هەر شتێك 10 دەنك بادەم بخوات، ئەوا چەوری نێو خوێنی لە ماوەی 12 هەفتە بە ڕێژەی 14 تا 16% كەم دەكاتەوە و بەهەموو شێوەیەك دوور دەبێت لە تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و نەخۆشییە جیا جیاكانی تری سوڕی خوێن. دەتوانن لەگەڵ كەرە یان ئارد بەهاڕاوی تێكەڵی بكەن و رۆژانە بیخۆن، لەگەڵ سیر و زەنجەفیل و تێ كردنی لە نێو شۆربای سەوزەوات و ماسی، خواردنەوەی بەم شێوازانەش سوودی زۆرتری دەبێ لە نەهێشتنی چەوری ناو خوێن.

پێنجەم: چای سەوز، كاریگەری زۆر بەهێزی هەیە بۆ كەم كردنەوەی چەوری زیانبەخش لە خوێندا، دەتوانن قاشێك لیمۆ یان گەڵای نەعنای تێ بكەن و بەیانیان زوو بیخۆنەوە، لە ماوەیەكی كەمدا دەبێتە هۆی نەهێشتنی رێژەیەكی زۆری چەوری جۆری زیانبەخش لە خوێندا بە جۆرێك دەگاتە 7% چەوری زیانبەخش و هەروەها چەوری سودبەخشیش بە ڕێژەی 2% زیاد دەكات، هەرچەند ڕێژەی چەوری سوودبەخش لە نێو خوێن زیاتر بێ، ئەوا ڕێژەی چەوری زیانبەخش كەمتر دەبێتەوە.

Back to top button