ئەمرۆ دەست بە دروستكردنی ١٥٠ مەتری ھەولێر كرا

ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر چووە واری جێبەجێكردنەوە، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، لە قۆناغی یەكەمدا لە رێگەی بەحركە تا رێگەی كۆیە تەواو دەكرێت.

كرمانج دەشتەكی، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “ئەمڕۆ سێشەممە دەست بە قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی شەقامی بازنەیی ١٥٠مەتریی شاری ھەولێر كرا، كە لە قۆناغی یەكەمدا شەقامی ١٥٠ مەتری لە رێگەی بەحركە تا شەقامی پیرمام و لەوێشەوە بۆ شەقامی كۆیە جێبەجێ دەكرێت، دواتر بە دەوری شاری ھەولێردا دەچێت تا كۆتایی دێت”.

كرمانج دەشتەكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گرینگە، چونكە درێژییەكەی ٧٠ كیلۆمەترە و زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری ھەولێر بە سەنتەری شارەوە دەبەستێتەوە، جگە لەوەش سیمایەكی جوانتر بە پایتەخت دەبەخشێت و ئاسانكاریی زۆر بۆ ھاووڵاتیان و شوفێران دەكرێت لە ھاتوچۆكردن”.

جێی ئاماژەیە، پێشتر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتریی خێرای جێبەجێ كرد و ئێستا لە دواقۆناغدایە.

Back to top button