نێچیرڤان بارزانی ڕێگەی نیشاندان!

ئاسۆ حاجی

داواکردنی گەڕانەوە بۆ بەغدا و ڕادەستکردنەوەی ئیرادەی میللەتێک بە دەسەڵاتێک کە نزیکەی سەد ساڵە دەیکوژێت و لەناوی دەبات، چۆن لەلایەن زۆرینەی خەڵکی کوردستان بووە جێگای پرسیار و تێڕامانێکی قووڵ لە بەرامبەر هەڵوێستی کەسانێک کە نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکەن لە بەغدا و چاوەڕوان دەکرێت لەوێ شەڕ لە سەر داواکانی خەڵکی کوردستان بکەن نەک بە پێچەوانەوە ببنە نوێنەر و وتەبێژی عەقڵیەتی عەرەبی شۆڤینی و مەزهەبی و شەڕەکە بێننەوە ناو ماڵی خۆیان و بە عەقڵیەتی مالیکی و بە زمانی فەتلاوی موخاتەبەی خەڵکی سلێمانی بکەن و برینێکی گەورەتر لەوەی هەیە لە جەستەی نشتیمان دروست بکەن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو کارتەی سوتاند کە بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێک لە یەکێتی نشتیمانی کوردستان کە وەک ئەو وتی کەمینەیەکی دانیشتوانی شاری سلێمانین لە دژی کوردستان بەکاریان دەهێنا بە ئامانجی لێکهەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان و نەمانی شتێک بە ناوی حکومەتی کوردستان، کارەکەی بۆ ئاسان کردن و ڕێگەی نیشاندان کە ئەگەر هەر سوورن لە سەر ئەو داوایە “فەرموون ئەوە بەغدا و کەس ڕێی لێنەگرتوون”، نێچیرڤان بارزانی کە لە بەرامبەر ئەو پرسە هەستیارە و ئەو هەڵمەتە تووندەی کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی کوردا ڕووبدات بەوەی کورد خۆی بانگی داگیرکەرانی بکاتەوە بۆ ڕادەست کردنەوەی کوردستان و دەسکەوت و بەرهەمی خوێنێ شەهیدان، لە جاران ئارامتر دەرکەوت و بە هەڵبژاردنی چەند دەستەواژەیەک گرێیەکی گەورەی کردەوە، چونکە لێدوانە کورتەکەی پەیامێکی دوو سەرەی هەڵگرتبوو، لەلایەک دڵنیایی دان بوو بە خەڵکی کوردستان کە ئەو هەوڵانە لە خۆ هەڕاجکردنێکی چەند کەسێک تێناپەڕێت و لایەکەی دیکەشی بۆ ئەو کەسانە بوو کە جارێکی دیکە ویستی خۆ کردنە پاڵەوانیان هەیە بە سواربوونی شەپۆڵی ناڕەزایی خەڵک کە نە لە کوردستان و نە لە بەغدا کەس گوێتان لێناگرێ و بەغدا دەزانێ چیتان لە بار دایە بۆیە گرەوتان لەسەر ناکا.

دوای بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی هەڵوێستەکەی نێچیرڤان بارزانی بەر لەوەی شەو لە شاشەی تەلەفزیۆن دەربکەوێت، کۆمەڵێک هەڵوێستی دیکەی بەدوای خۆدا هێنا بەڵام لە هەموویان گرنگتر کە وەک بزامرێک بوو لە ڕوحی گۆڕان درا هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بوو کە وەک سەهۆڵاوێک بوو بە جەستەی گڕگرتوی گۆڕانیان داکرد، لە دوای ڕێککەوتنە سیاسیەکەی یەکێتی و گۆڕان ئەوە یەکەمجار نیە یەکێتی گۆڕان بە تەنیا و لە دۆخێکی یەکجار خراپ جێدەهێڵێت کە نەک لای نەیارانی تەنانەت لای ئەندامەکانیشیان گۆڕانیان لە بەر چاو دەکەوێ کە ڕەنگە هەر ئەوەش مەبەستی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بێ کە تۆڵەی هەموو ئەو زیدەڕۆیانە لە گۆڕان و سەرکردەکانی بکاتەوە کە لە سەر مێژووی یەکێتی و شەخسی مام جەلەلایان دەکرد.

گۆڕان دەریخست چەند لە دروستکردنی ئاڵۆزی بە توانایە ئەوەندەش کڵۆڵە لە خوێندنەوەی هاوکێشەکان، لە بەغدا بە نەفەسی تۆڵەکردنەوە لە پارتی و بە هاوکاری ئەو لایەنەی خەڵکی کوردستانی توشی قەیران کردووە پۆستێکی گرنگ لە دەست کورد بدەن و وایان زانی یاریەکان بردەوە و دەستیان کرد بە جاڕدانی کۆتایی هاتنی پارتی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە یەک مەرحەبای عەبادی هاوکێشەکەی گۆڕی و ئەوجارەشیان وایان زانی بە هاندانی خەڵک بۆ پارچەکردنی کوردستان و گەڕانەوە بۆ بەغدا کۆتایی بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی دێنن، بەڵام بە لێدوانێکی نێجیرڤان بارزانی نە بەغدا دەرگایان لێدەکاتەوە و نەدەشتوانن خۆیان لە دروشمەکانیان بدزنەوە و هەموو شتەکان ئەوە دەڵێن باجی ئەوجارەیان لەوەی پێشووتر گەورەتر دەبێ، چونکە پێشووتر لادانی کەسێک بوو و لە دەستانی پۆستێک بوو بەڵام ئەوجارەیان بە چارەنووسی منداڵانی نزیکەی نیوەی هەرێمی کوردستانەوە گرێدراوە، بۆیە ئەگەر حیزبەکانیش لە یەکتر ببورن ئەوە میللەت لێیان نابورێ.

Back to top button