سەرکردەیەکی عێراق: بەرپرسانی عێراق هۆکاری خراپی دۆخی عێراقن نەک ئەمریکا

 

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە هێزە شیعەکانی عێراق مانەوەی ئەمریکا بە سەرچاوەی کێشەکانی عێراق دەزانن بەڵام سه‌رۆكى حزبى نه‌ته‌وه‌ی عێراقی، نووسیویەتی سەركردە سیاسییەكانی عێراق بەرپرسن لە دۆخی ئەمڕۆی وڵاتەكە نەك جۆرج بوش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
میسال ئالووسی سه‌رۆكى حزبى نه‌ته‌وه‌ی عێراقی،لە نوسینەکەی ئاماژەی بەوە داوە دەڵێت “لەگەڵ ڕێزم بۆ هەر رایەكی ئازاد، پێموایە ئەمڕۆ ٩ی نیسان، ساڵڕۆژى رزگاربوونە لە دەست سەدام و بەعس و ڕژێمە خوێناویە دیكتاتۆریە فاشیەكە. لەم بۆنە خۆشەشدا دەڵێم زۆربەی ئێمەی سیاسەتمەدارانی عێراق، هیچ سیاسەتێكمان نەبوو جگە لەوەی ئۆپۆزسیۆن بین لە دەرەوەی وڵات، ئەگەر ڕۆژی ٩ی نیسان نەبوایە، نەماندەتوانی بە عێراقی نیشتمانی ئازیزمان شاد بینەوە”.

ئالووسی سوپاسی جۆرج بوش سەرۆكی پێشووتری ئەمریكاشی كردووە و دووپاتی كردووەتەوە كە ئەو بڕیاری لەناوبردنی سەدام و ڕژێمەكەی داوە.

سەركردە عێراقیەكە هەروەها دەشڵێ ئەو دۆخەی ئەمڕۆ نیشتمانەكەی تێیكەوتووە، ئەوان وەكو سیاسەتمەدارەكانی عێراق لێی بەرپرسن نەك بوش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. دەشڵێ “خۆزگە ئەم یادەمان لە عێراقێكی ئازاد دەكردەوە، عێراقێك لە دەرەوەی روانگەی تایفی”.

Back to top button