نێچیرڤان بارزانی پێشوزای لە شاندێكی وڵاتی ئەمریكا دەكات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەمڕۆ شاندێكی بالیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوزایان لێكراو لە دیدارەكەدا كە جۆی هوود هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، ستیڤ ڤاگن كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، ماكس بریمۆراك ڕاوێژكاری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ پێكهاتە جیاوازەكان و شاندێكی سیاسی و دیپلۆماسیی یاوەریان كرد پرسی ئاوارەكان باشتر بوونی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا.
شاندی ئەمریكا خۆشحاڵیی خۆیان بە دیداریان لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیران دەربڕی و هاوكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و پاراستنی هەموو پێكهاتەكان بێ جیاوازی، بەرز نرخاند. هەردوولا جەختیان له بایەخدان بە هاوكاریی ئەو پێكهاتانە كردەوە كە بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە تا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە و ئاسایش لە ناوچەكانیان بەرقەرار دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا لەمبارەیەوە نراون، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و هەنگاوەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە چەند ناوچەیەك و كاری هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا لەمبارەیەوە، خرانە بەر باس وگفتوگۆ.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە و چەند بابەتێكی پەیوەست بە باشتربوونی لایەنی ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.