ئەمڕۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەخرێتە دەنگدان
ئەمڕۆ پەرلەمان كۆ دەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و تا ئێستە دیار نیە یەكێتی بەشدار دەبێت یان نا، بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیەی لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە ئاراستەی ئەندامان كراوە، سەعات دوو پەرلەمان كۆ دەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
شوان كهریم زراری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە (خـواكورك) ـی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەخرێتە دەنگدانەوە، چونكە خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پڕۆژەكە كراوە و بەپێی هەمواری پڕۆژەكە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرن.
بەپێی زانیارییەكانی “خـواكورك” تا ئێستە فراكسیۆنی یەكێتی بڕیاری نەداوە بەشداری دانیشتنەكە دەكات یان نا، چونكە لە سەركردایەتی ئەو حزبە هیچ شتێكیان پێ نەگوتراوە و بەر لە كۆبوونەوەی پەرلەمانیش لەناو خۆیان كۆ بوونەوەیەك دەكەن.
لە دانیشتنی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان یەكێتی بەشداری دانیشتتنەكانی كردەوە و لە هەفتەی ڕابردووش ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی ڕاگەیاند، بەپێی پێڕەوی كاری پەرلەمان ئەمڕۆ چوارشەم دوا وادەیە بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پەسەند كردنی.