شێخ جەعفەر ڕەتیدەكاتەوە ببێتە وەزیری پێشمەرگە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات، ڕەتی کردەوە پۆستی وەزیری پێشمەرگەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باس لەوە دەکرێت کە شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی یەکێتی کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیە، پۆستی وەزیری پێشمەرگە وەردەگرێت یاخود داوای لێکراوە پۆستەکەی پێ بدرێت.
لەمبارەیەشەوە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ڕایگەیاند: ”نەخێر یەکێتی داوای ئەوەی لێ نەکردووم پۆستی وەزیری پێشمەرگە وەربگرم“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەگەر یەکێتی داواشی لێ بکات، یان داوای لێ نەکات، جارێکی دیکە پۆستی وەزیری پێشمەرگە وەرناگرێت و ”نامەوێ ببم بە وەزیری پێشمەرگە“.
لەبارەی پرسیارێکی (باسنیوز) کە ئاخۆ بۆچی پۆستەکە وەرناگرێت، شیخ جەعفەر گوتی: ”من ئەو پۆستە وەرناگرم، ھۆکارەکەشی لای خۆمانە و نامەوێ زیاتر قسەی لەبارەوە بکەم”.