سوننەكان ھەوڵی دروستكردنی ھێزێكی ھاوشێوەی حەشدی شەعبی دەدەن

هێزە سوننییەکانی عێراق لە هەوڵی دروستکردنی هێزێکی گەورەی هاوشێوەی حەشدی شەعبیدان، تاوەکوو بتوانن ناوچەکانی خۆیان بپارێزن و لەلایەکی دیکەشەوە، حەشدی شەعبی لە ناوچەکانیان دوور بخەنەوە.

لە شەش پارێزگای سوننەکان لە عێراق، هێزە سیاسییەکانی سوننە، لە هەوڵی کۆکردنەوە و خۆڕێکخستنی هێزی چەکداردان و دەیانەوێ لە ڕێگەی دروستکردنی هێزێکی گەورەی هاوشێوەی حەشدی شەعبی، کە ژمارەیان بگاتە 100 هەزار چەکدار، ناوچەکانیان لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و خراپیی دۆخی ئەمنی بپارێزن، بەڵام بە بڕوای چاودێرانی سیاسی و ئەمنی لە عێراق، دروستکردنی ئەو هێزە بۆ سوننەکان بێ لەمپەر نابێت، چونکە ئێستا حەشدی شەعبی بەتەواوی دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە و دروستکردنی ئەو هێزە سوننییەش دەکەوێتە سەر ڕێگەی هیلالی شیعە و مەترسی بۆ هاتوچۆی ئێران بۆ سووریا دروست دەکات، بەڵام لەبەرامبەر بەوە، سعودیە و ئەمەریکا پشتیوانی لە دروستکردنی ئەو هێزە دەکەن و پێیان وایە، دروستکردنی ئەو هێزە لەلایەک سوننەکان دەپارێزێت و لەلایەکی دیکەش باڵانسی سوننە لەبەرامبەر بە شیعەکان بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە، جگە لەوەش، هەژموونی ئێران لە عێراق کەم دەکاتەوە.

لەمبارەیەوە، هەیبەت حەمەد عەباس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی قەراری عێراقی ئاماژەی بەوە دا، ئەوان ئێستا تەنیا حەشدی عەشایریان هەیە، بەڵام ئەو هێزە بچووکە و لە رووی چەک و راهێنانەوە، گوتیشی: “لەبەرئەوە هێزە سوننییەکان ئێستا لە هەوڵدان هێزێکی حەشدی سوننە دابمەزرێنن، کە ئامادەکراو و پڕچەک بێت، لە ئاستێکدا بێت بتوانێ پارێزگاری لە ناوچە سوننییەکانی باشووری ئەنبار و مووسڵ و تەواوی پارێزگا سوننییەکان لە عێراقدا بکات”.
لای خۆشیانەوە، د. سامان شاڵی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی ئەمەریکا رای گەیاند، دروستکردنی ئەو هێزەی سوننەکان، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە ئێستا لە بەردەستی حەشدی شەعبی و ئێراندان، ئاسان نابێت، گوتی: “دروستکردنی ئەو هێزە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە لە ناوچەکە و روونە کە وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە پشتیوانیی لە دروستکردنی ئەو هێزە دەکەن، ئەمەریکاش دروستکردنی ئەو هێزەی پێ باشە و لە دژی نابێت، چونکە تا دێت هەژموونی ئێران لە عێراق بەهێزتر دەبێت و ئێستا پرسەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی شیعەکان دەیانەوێ ئەمەریکا لە عێراق دوور بخەنەوە”.

ئەو چاودێرە سیاسییە پێشی وابوو، دروستکردنی ئەو هێزە باڵانسی هێزەکان بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە، لە دۆخێکدا کە شیعەکان هێزی حەشدی شەعبییان هەیە و لە سوپاشدا باڵادەست و زۆرینەن، بەڵام سوننەکان تەنیا هێزی بچووکی عەشایریان هەیە.

سوننە عەرەبەکان، کە نزیکەی 20 لە سەدای عێراق پێکدەهێنن، پێشتر زیاتر لە 80 ساڵ حوکمی عێراقیان کردووە، بەڵام لە ساڵی 2003ەوە دەسەڵاتیان لەدەست دا، لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام ناوچە سوننییەکان پشێوی و نائارامی و شەڕ و توندوتیژیی بەخۆیەوە بینیوە.

Back to top button