نوێنەری مەسیحیەكان: بەھۆی پەكەكەوە گوندنشینانی مەسیحی گوندەكانیان لە سنووری زاخۆ جێدەھێلن
نوێنەرێكی مەسیحییەكان دەڵێ، پەكەكە لەناو گوندە مەسیحینشینەكان خۆیان حەشار دەدەن و توركیاش بۆردوومانیان دەكات، بۆیە گوندێكی مەسیحی چۆڵ كراوە و مەترسی لەسەر گوندەكانی دیكەش ھەیە.
وەحیدە یاقۆ ھورمز، نوێنەری مەسحییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و دانیشتووی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “پەكەكە لە گوندەكانی سنووری زاخۆ، ئەوانەی مەسیحینشینن، دەچنە ناو ماڵان و خۆیان حەشار دەدەن و توركیاش بۆردوومانی گوندەكان دەكات، هەر لەبەر پەكەكەش چەند رۆژێك لەمەوبەر خانووی ھاووڵاتییەكی مەسیحی لە گوندی شارانش بۆردوومان كرا و بەو ھۆیەوە ترس و دڵەراوكێی زۆر دروست بوو و مەسیحییەكان ئەو گوندەیان چۆڵ كرد و ئێستاش ئاوارەی زاخۆ و دەوروبەری بوونە و پێویستیان بە ھاوكاری ھەیە”.
ھورمز گوتیشی: “مەترسیی چۆڵبوونی سەرجەم گوندە مەسحینشینەكان ھەیە لەسەر سنوور، بۆیە ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە دوور نەكەوێتەوە، خەڵكەكە ناچارن گوندەكان چۆڵ بكەن، چونكە بەزۆر دەچنە ناو ماڵی خەڵكەكە و ئەوانیش توانایان نییە دەریان بكەن”.