ڤیان دەخیل: پەكەكە هیچ بیانوویەكی بۆ مانەوەیان لە شنگال نیە

خواكوڕك
هۆكاری سەرەكی ئاوەدان نەكردنەوەی شنگال و دەستپێنەكردنی خزمەتگوزارییەكان دەگەڕیتەوە بۆ بوونی پەكەكە لە شنگال، چونكە بوونی هێزی چەكداری لەو چەشنە هەڕەشەیە لەسەر پڕۆژەكانی حكوومەت و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان.

لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ (ڤیان دەخیل) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری كوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنەكە رایگەیاند: “هەرچەندە زیاتر لە ساڵێكە شارۆچكەی شنگال لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵكراوەتەوە، بەڵام لەڕووی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكەدا تا ئێستا وەك پێویست كارەكان نەكراون، هۆكاری سەرەكی ئەمەش بوونی هێزەكانی پەكەكەیە لە شنگال، چونكە بوونی ئەو هێزانە هەڕەشەیەكی جددین لەسەر تەواوی پڕۆژە و خزمەت گوزارییەكان، ئەمەیش ناكرێت تا سەر بەردەوام بێت”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە دەشڵێت ” ئەگەر چەكدارانی پەكەكە لە رابردوودا شەڕی دژی داعشیان كردبێتە بیانوو بۆ مانەوەیان، ئەوا لە ئێستادا هیچ بیانوویەك بۆ مانەوەیان لە شنگال نیە، چونكە زیاتر لە ساڵێكە شارۆچكەكە ئازاد كراوەتەوە و لە تیرۆریستانی داعش پاككراوەتەوە و لە بنەڕەتیشدا جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە، شنگال پێویستی بە هیچ هێزێكی دیكە نییە بیپارێزێت، پەكەكەیش لە قۆناغی ئێستا نەك شارۆچكەكە ناپارێزێت، بەڵكو هۆكاری كێشەكانە لە ناوچەكەدا”.

هەروەها گوتیشی: “بەڕاستی بوونی پەكەكە لە شنگال و سنووری شارەكە و بە تایبەت سەر چیای شنگال، بووەتە هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە، چونكە زۆرینەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی هێزەكانی پەكەكە لە ناوچەكە بە مەترسیدار دەزانن و هیچ گەرەنتییەك بۆ ئەو رێكخراوانە نییە كە تووشی هیچ مەترسییەك نەبن لەلایەن پەكەكەوە، بە هەمان شێوەیش حكوومەتی عێراقیش بۆ زۆرینەی پڕۆژەكان بوونی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال دەكاتە بیانوو بۆ نەگەیاندنی خزمەت گوزارییەكان”.

لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەدا ئەو نوێنەرەی كوردانی ئێزیدی ئەوەیشی گوت: ” لە بەشێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەی نوێنەری كوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڤیان دەخیل گوتی: ” لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ لە كۆی زیاتر لە ٣ هەزار و ٦٠٠ كوردی ئێزدی كە تاكو ئێستا لەژێر دەستی داعش ماون، تەنها توانیوومانە چوار ژن و دوو كچ لە دەست ئەو رێكخراوە رزگار بكەین، ئەمەیش دڵۆپێكە لە دەریایەك، داعش كچ و ژنانی كوردانی ئێزدی لە مووسڵەوە بۆ چەندین شوێنێكی نادیار لە عێراق و سووریا گواستووەتەوە، بۆیە تاكو ئێستا لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ كچ و ژنانی كوردانی ئیزدی رزگار نەكراون، ئەوەش برینی دڵی ئێمەی قوڵتر كردووە”.

لە كۆتایشدا لە بارەی بە پارێزگا بوونی شارۆچكەی شنگال، ڤیان دەخیل دەڵێت “ئێمە وەك كوردی ئێزدی سوورین لەسەر بەپارێزگا كردنی یشنگال و هەموو هەوڵەكانمان بەو ئامانجەیە كە شنگال ببێتە پارێزگایەك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەرچەند ژمارەیەك پەرلەمانتاری عەرەبی شۆفێنی هەن دژی بە پارێزگا كردنی شنگال و گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەوەستنەوە، بەڵام ئێمە گوێ بەو دەنگە ناشازانە نادەین و بەردەوام دەبین لە داكۆكی كردنی ئەو مافەمان، ئەوانەشی دژی بە پارێزگابوونی شنگالن با ئاوڕێك لە رابردووە پڕ لە كارەسات بارەكانی شارۆچكەكە بدەنەوە و مرۆڤانە بیر بكەنەوە”.

Back to top button