جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سه‌ردانی پارێزگای میسان ده‌كات و لەزیانەکانی لافاو دەکۆڵێتەوە

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سه‌ردانی پاریزگای میسان ده‌كات و ‌ هاوڵاتیان و به‌رپرسانی شاره‌كه‌ش سوپاسی دكتۆر به‌شیر ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ به‌رپرسێكی باڵای عێراق سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ ده‌كات.

به‌مه‌بەستی بەدواداچوونی ئەو زیانانەی کەلە ھەمبەر گۆڕانکاری کەش و ھەواو باران و لافاوەوه به‌ر پارێزگای میسان كه‌وتووه‌،رۆژی دووشەممه 8/4/2019 دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد،جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به یاوەری وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران و بریكاری وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتاری پاریزگای میسان سەردانی پارێزگای ناوبراوی كرد.

حه‌داد له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند،پاریزگای میسان زۆرترین زیانی به‌هۆی لافاوی ئاوه‌ زیاده‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ هاتوه‌ته‌ خاكی عێراقه‌وه‌ به‌ركه‌وتووه‌.

دکتۆر بەشیر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،له‌گه‌ڵ پاریزگار و ئه‌نجوومه‌نی پاریزگا سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ی كردووه‌ كه‌ زیاتر زیانیان به‌ركه‌وتوه‌و دۆخی خه‌ڵكی به‌چاوی خۆی بینیوه‌ كه‌ چۆن زیانیان به‌ركه‌وتوه‌و به‌حاڵ كه‌مێك كه‌ل و په‌لی ‌ماڵه‌وه‌یان‌ بۆ ده‌رچووه‌.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگه‌یاند،وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران هه‌ندێك خێمه‌ و خۆراك و داوده‌رمانی هێنابوو،تیمه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاویش سه‌رپه‌رشتی به‌نداوه‌كانیان ده‌كرد.

ناوبراو وتیشی،له‌م سه‌ردانەمان ده‌ستنیشانی كه‌موو كوڕیه‌كان كراو هه‌ر له‌وێ هه‌ندێك شتمان سپارد به‌وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه‌پێویسته‌ هه‌وڵی زیاتر بدەن و كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زیانه‌كان كه‌متر بكرێنه‌وه‌ و هاوكاری خه‌ڵكه‌ زیانلیكه‌وتوه‌كه‌ش بكەن.

له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ هاوڵاتیانی پاریزگای میسان و به‌رپرسان سوپاسی دكتۆر به‌شیریان كرد بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ و وتیان ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ به‌رپرسێكی باڵای عێراق سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ ده‌كات،و ئومیدەوارین دوا سەردان نەبێت.

جێگه‌ی ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ پێشتریش دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد،جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،دوشاندی له‌ ئه‌ندامانی نوسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی عیراق راسپارد كه‌ سه‌ردانی بەنداوی دوكان و دەربەندیخان بكه‌ن و خۆشی له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ھەر یەکە لە بەرێوەبەری بەنداوی دوكان و دەربەندیخان دڵنیا بویه‌وه‌ له‌بارودۆخی هه‌ردوبه‌نداوەكه.

 

Back to top button