پارتی ھەوڵدەدات گۆڕان و یەكێتی بە مەرجەكانی یەكتر ڕازیبكات

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێداگری لەسەر زیادکردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە دەکات و بزووتنەوەی گۆڕانیش داواکارییەکە ڕەت دەکەنەوە. بەو هۆیەشەوە جارێکی دیکە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە کلیلی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، زیاتر دواخراوە.

لەمبارەیەوە بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی ڕایگەیاند: ”ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١\٤\٢٠١٩، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بڕیار دراوە، پەیوەندی بە گۆڕانەوە بکرێت، ھەوڵ دەدرێت گۆڕان ڕازی بکرێت کە دوو جێگر بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەبێت“.

ئاماژەشی بەوە کرد کە پارتی پێی باشە گۆڕانیش بە داواکاریی زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم ڕازی ببێت و ”لەمڕۆوە لەمبارەیەوە قسەیان لەگەڵ دەکرێت“.

بڵند ئیسماعیل ئاشکرای کرد کە تاوەکوو سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، ئەنجامی گفتوگۆکان بەدیار دەکەوێت و ”پێموایە سێشەممەی داھاتوو، پەرلەمانی کوردستانیش کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات“.

Back to top button