سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی پەیمانگەی كەنەدی بۆ حوكمڕانی کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی نیسانی ٢٠١٩، د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی كرد لە شاندێكی پەیمانگەی كەنەدی بۆ حوكمڕانی، كە پێك هاتبوو لە مادلین میور، یاریدەدەرى باڵای پەیمانگەكە و شاندی یاوەری.
لە دیدارێكدا مادلین میور، یاریدەدەرى باڵای پەیمانگەی كەنەدی بۆ حوكمڕانی، پیرۆزباییی لە سەرۆكی پەرلەمان كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە بوونی ئافرەتێك لەو پۆستە باڵایەی هەرێمی كوردستاندا، كە یەكەم جارە لە مێژووی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا دەبینرێت و هیوای خواست لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق دەرفەت و ڕۆڵی زیاتر بۆ ئافرەتان فەراهەم بكرێت.
د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان بۆ پەرلەمانی كوردستان، ستایشی هەوڵ و كارەكانی ڕێكخراوی كەنەدی بۆ حوكمڕانیی ئافرەتی سەركردەی كرد كە بەردەوام كۆڕ و سیمینار و خول بۆ پێگەیاندنی ئافرەتی سەركردە لە هەرێمی كوردستان ساز دەكەن و هیوای خواست بەردەوام بن لەم كارانە بۆ ئەوەی ئافرەتانی كوردستان بە بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە ڕۆڵی زیاترى خۆیان ببینن و بەشدارییەكی كارایان لەنێو كایەكانی حوكمڕانیدا هەبێت بۆ ئەوەی ڕوویەكی گەش و جوان پێشكەشی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بكەن.
لە بەشێكی دیكەى دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمان پوختەیەكى لە ڕێكارە یاساییەكانی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ شاندی میوان باس كرد و ڕایگەیاند: “پەرلەمانی كوردستان هەنگاوە یاساییەكانی خۆی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەست پێ كردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێكارە یاساییەكانی كاراكردنەوەی دامەزراوەى سەرۆكایەتیی هەرێمى كوردستان و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەنگ لەسەر پرۆژە پێشنیازكراوەكە دەدات”.
لەوەڵامی پرسیارێكی شاندی میوانیشدا سەبارەت بەدەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان كوردستان، د. ڤالا، گوتی: “بەگوێرەی یاسا بنەڕەتییەكانی هەرێمی كوردستان و بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ئەو دەسەڵاتانەى كە پێمان دراوە بەكاری دەهێنین و هیچ كەسێكیش دەسەڵاتی ڕەهای نییە، ئەمەش نیشانەی دیموكراسی و پێشكەوتنی وڵاتەكەمانە”.
شایانی باسە پەیمانگەی كەنەدی بۆ حوكمڕانی، كار لەسەر حوكمڕانیی لامەركەزى و فیدڕاڵیی ئابوورى لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات.