یەکێتی ٨ تیرۆریستی گەورە ئازاد دەکا و ٢٥ تیرۆریستیش ڕادەستی هێزێکی عێراقی دەکا

بۆ ڕازیكردنی ئەنجومەنی عەرەبیی کەرکووک و پێدانەوەی پۆستی پارێزگار، یەكێتی بە دوو ڕێککەوتن، لەلایەکەوە ٨ گەورە تیرۆریست ئازاد دەکات و دەیانگەڕێنێتەوە شاری کەرکووک، لەلایەکی دیکەشەوە ٢٥ دەستگیرکراوی دۆسیەی تیرۆر ڕادەستی هێزێکی ئەمنیی عێراقی دەکات.

بەپێی زانیاری میدیاكان، رۆژی ١٣ی ٢ی ٢٠١٩، هێزێکی دژە تیرۆری یەکێتی بە ١٣ ئۆتۆمبێل،، ٨ زیندانی عەرەبی سوننەمەزهەبیان گەڕاندووەتە شاری کەرکووک کە پێشتر بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەورەی تیرۆریستییەوە لە زیندانەکانی یەکێتی لە سلێمانی بەند کراون.

زانراوە کە ئازادکردنی ئەو تیرۆریستانە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی و ئەنجومەنی عەرەبیی کەرکووکە و یەکێتی دەیەوێ لە ڕێگەی ئەو کارەوە، نیازپاکیی خۆی نیشان بدات، تاوەکوو لە بەرامبەردا عەرەبی سوننەی کەرکووک هاوکاریی بکەن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و سازدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێناو دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک.

ئاشکراشكراوە کە هەر لە چوارچێوەی هەوڵدانی یەکێتی لەگەڵ عەرەبە سوننەکانی کەرکووک، کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ئەمڕۆ ١١ی ٤ی ٢٠١٩، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی کە پێشتر لە کەرکووک بوون و ئاراس جەنگی سەرپەرشتی کردوون، ٢٥ بەندکراوی دیکەی عەرەبی سوننەی کەرکووکیان رادەستی لیوا ڕوکن سەعد حەربیە، فەرماندەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک کردووە.

ڕوونیشی کراوەتەوە کە ئەم زیندانیکراوانە لە ساڵی ٢٠٠٥ و دواتر بە تۆمەتی کاری تیرۆریستییەوە لە سنووری کەرکووک و گەرمیان دەستگیر کراون و لە بەندیخانەکانی سلێمانیدا زیندانی کراون. ئازادکردنەکەشیان پەیوەندی بە ڕێککەوتنێکەوە هەیە کە بە ناوبژیوانیی ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتیی عەرەبی سوننە و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، لە ڕێگەی بەرهەم ساڵح و لاهوور جەنگییەوە کراوە.

ئازادکردنی تاوانبارانی دۆسیەی تیرۆر لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی یاسایی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە کاتێکدایە کە هەر ئەم هەفتەیە، هەوڵێکی دیکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، شکستی هێناوە.

 

Back to top button