توركمانەكانی كەركووك لەگەڵ پارتی كۆبوونەوە لەسەر چەند خالێكی پەیوەست بەكەركووك رێككەوتن
دوای ئەوەی توركمانەكانی كەركووك داوای هەماهەنگی كردن لەگەڵ كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیان كرد, ئەمڕ شاندێكی توركمانەكانی كەركووك سەردانی پارتیانكردوو لەگەڵ شاندی پارتی لەسەر چەند پرسێك پەیوەست بە كەركووك رێككەوتن, لەوانە ھەوڵ بدەن حكومەتی عێراق پەلە بكات بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە، هەروەها دووپاتیان كردووەتەوە كە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیار لەسەر بابەتی پارێزگار دەدات.
كەمال كەركووكی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك و گەرمیانی پارتی لەو بارەیەوە ڕاگەیاند “شاندێكی پارتی لەگەڵ شاندێكی حزبی توركمان ئیلی بە سەرۆكایەتی ڕیاز ساری كەھیە سەرۆكی حزبەكە كۆبوونەتەوە و ڕێككەوتوون ھەردوولا كار بكەن بۆ ئەوەی حكوومەتی فیدراڵی پەلە بكات لە جێبەجێكردنی چەند خاڵێك”.
هەردوولا گفتوگۆیەكی تێروتەسەلیان لەبارەی دۆخی ئەمنی و سیاسی و كارگێڕی و خزمەتگوزاریی شاری كەركووك و ڕێوشوێنی چاككردنی دۆخی ئێستەی شارەكە كردووە و لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتوون، كە بریتین لەوەی دیدی هەردوولا هاوشێوە بوو لەبارەی ئەوەی كەركووك شاری پێكەوەژیانی ئاشتییانەیە و هیچ كێشەیەك لە نێوان پێكهاتە و ئاینەكانیدا نییە.
هەروەها ڕێككەوتوون داوا لە حكوومەتی فیدراڵ بكرێ پەلە لە پرۆسەی ئاساییكردنەوەی سەرتاپا بۆ گشت پرسە هەڵپەسێردراوەكانی كەركووك بكرێت و لە گشت بوارەكانی سەربازی، ئەمنی، سیاسی، كارگێڕی و خزمەتگوزاریدا.
خاڵێكی تر بریتیە لەوەی داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت پەلە بكا لە دانانی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوەی پەیوەست بە زەوییە كشتوكاڵییەكان لە پارێزگای كەركووكدا.
هەردوولاش ڕێككەوتن بە یەكەوە و لەگەڵ لایەنەكانی تردا كار بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، پاش ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠٢٠دا و دەستەبەركردنی زەمینەی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی خاوێن و بێگەرد.
لە خاڵێكی تردا پارتی و توركمان ئیلی ڕێككەوتوون كە داوا لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكرێت جەخت بكات لەسەر جێبەجێكردنی گشت ڕێكار و ڕێنوێنییەكان و هەنگاوەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان، بۆ مسۆگەركردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف و داخراو بەڕووی هەر هەوڵێكی ساختەكاری و دەستكاریكردنی ویستی دەنگدەردا.
لە كۆتاییشدا ڕێككەوتوون كە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیار لەسەر بابەتی پارێزگار دەدات، ئەویش دوای ئاساییكردنەوەی گشتگیر و چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان و كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ ئەوەی ئەنجوومەن ڕۆڵی دەستووری و یاسایی خۆی بگێڕێت و كەسێك هەڵبژێرێت كە هەموو ئەو لایەنانەی لە ئەنجومەندا نوێنەرایەتی دەكرێن لەسەری بسازێن.