بیری پارتی بھێننەوە

ئەردەڵان هەڵەبجەیی

 

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان،پارتی وەک براوەی یەکەم لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ دروست کردنی حکومەتێکی بەھێز ھەروەک لە ساتی بانگەشەی ھەڵبژاردن تیشکی خستبویە سەر،گەرچی چاوەڕوان دەکرا حکومەت زوو پێک بھێنرێت بەو پێیەی ڕکابەرەکانی پارتی بچوک بونەوە بۆ نیوەو کورسیەکانی پارتیش بە ئەندازەیەک ھەڵکشا مەراقی ڕکابەرەکانی بۆ دوو ھێند زیاد کرد،بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان پرسی پێکھێنانی حکومەت ھێند دوا کەوتوە نەک تەنھا ھاوڵاتیان بگرە ھێزی براوەی ھەڵبژاردنیش ھێند زۆری بۆ ھاتوە بۆ لای لایەنی دوەم (یەکێتی)دەچێت داوای پۆست بۆ لایەنی سێیەم (گۆڕان) دەکات و بە پێچەوانەشەوە،ئەوە وێڕای پێدانی ھەندێک پۆستی خۆی بە ھەردوکیان،کە ئەوە لە ڕاستیدا نەک جێگای نیگەرانی بگرە مایەی ترسیشە چونکە ڕازیکردنی یەکێتی و گۆڕان لەیەک کاتداو بەشداری پێکردنیان لە کابینەکەی پارتیدواجار بە زیان بۆ پارتی و کابینەکەی دەکەوێتەوە.

بۆ ئەوەش ڕەنگە ھەوڵی دوانەی گۆڕان -یەکێتی بۆ تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم لە خولی ڕابردوی پارلەمانی کوردستان نمونەیەکی زیندوو بێت بۆ لێدان لە پارتی ئەوە لە کاتێکدا کە ھەردوو ھێزەکە بەشداری کاریگەری حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی بوون.

بە دیدی بەندە ئێستاش دۆخی ئەو دوو ھێزە شتێکی ئەوتۆی لەگەڵ دۆخی پێشتر نەگۆڕاوەو پارتیش دەبێت وردتر لەو پرسە بڕوانێت.

بۆ ئەوەی کابینەی نوێ سەرکەوتوو بێت زەرورە پارتی لە نێوان گۆڕان و یەکێتی دا یەکێکیان بباتە ناو حکومەت و ناشبێت چیتر پارتی لە دەرگای گۆڕان بدات بۆ ڕەزامەندی وەرگرتن بۆ پێدانی پۆست بە یەکێتی و لە دەرگای یەکێتییش بدات بۆ بەرژەوەندی گۆڕان،چونکە دواتر ئەو دوو ھێزە چاو بەرامبەر یەکتر دادەخەن و ئەوکات چاوەکانیان تەنھا لەسەر چۆنیەتی لێدان دەبێت لە پارتی

Back to top button