نەتەوەیەكگرتووەكان لە بارەی دۆخی سودان كۆدەبێـتەوە
دوای خۆپیشاندانێكی چوار مانگی لە سودان دژ بە عومەر بەشیر كە سی ساڵ بە كودەتا لە سودان دەسەڵاتی گرتە دەست, ئەمڕۆ لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران, وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند عومەر بەشیریان دەستگیركردوو, دەسەڵاتەكانی وڵات تا دوو ساڵی تر بە شێوەیەكی سەربازی بەڕێوەدەچێت،دوای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی عومەر بەشیر لە سوودان، بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.
بڕیاری ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە دوای ئەوە هات، چەند كاتژمێرێك لەمەوپێش ئەمریكا و هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی رایانگەیاند، دەبێت ئەنجوومەنەكەی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بەزووترین كات كۆببێتەوە و رەوشی سوودان تاوتوێ بكات.
هەروەها گوتەبێژی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز بەوردی چاودێری پێشهاتەكانی سوودان دەكات و داوای هێوركردنەوەی رەوشەكە و دانبەخۆداگرتن لە هەموو لایەنەكانی سوودان دەكات, داوا دەكات ویستی دیموكراسییانەی خەڵكی سوودان لە رێگەی پرۆسەیەكی گواستراوەی گشتگیر و گونجاوەوە جێبەجێ بكرێت.
وا بڕیارە نەتەوەیەكگرتووەكان بڕی 26.5 ملیۆن دۆلار بۆ دابینكردنی خواردن، پێداویستیی تەندروستی، ئاو بۆ زیاتر لە 800 هەزار كەس لە خەڵكی سوودان تەرخانبكات كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێویستییان بە یارمەتی هەیە. “.