زیانەکانی سپیکردنەوەی ددان بە ماددە کیمیاییەکان

لێکۆڵینەوەیەکی تەندروستیی نوێ ئەوەی سەلماندووە، کە ماددەی برۆکسید ھایدرۆجین کە لە بابەتەکانی سپیکردنەوەی ددان بەکار دەھێندرێت، زیانێکی زۆر بە تەندروستیی دەم دەگەیەنێت.

ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی بڵاوی کردەوە، برۆکسیدی ھایدرۆجین گیراوەیەکی کیمیاییە دەبێتە ھۆی لاوازیکردنی ڕەگی بنەڕەتیی ددان و لاوازی دەکات، ماددەکانی سپیکردنەوەی ددان بازرگانییەکی جیھانییە و ساڵانە چەندین ملیار دۆلار سوودی بۆ کۆمپانیاکان دەبێت، بەشێک لە کۆمپانیاکانیش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبنەوە بەھۆی ئەوەی گرنگیی بە زیانە لاوەکییەکان نادەن.

ئەو لێکۆڵینەوەیە لە زانکۆی (ستۆکتۆن)ی ئەمریکی لە ویلایەتی (نیوجێرسی)ی ئەمریکا کراوە، ئەوە دەردەخات ماددەکانی سپیکردنەوەی ددان، تەنیا چینی سەرەوەی ددان سپی ناکات، دەچێتە چینەکانی ناوەوەی ددانو و تووشی چەندین زیانی دەکات، ئەو گیراوە کیمیاوییە کار دەکاتە سەر پرۆتینەکانی ددان و دەیکاتە گەردیلەی بچووک و لاوازی دەکات، لە قۆناغەکانی دیکە دەبێتە ھۆی ئازاری ددان و کلۆربوون و ھەڵوەرین.

بەپێی پێوەرە تەندروستییەکان، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێویستە گیراوەی برۆکسیدی ھایدرۆجین لە بابەتەکانی سپیکردنەوەی ددان لە 0.1 زیاتر نەبێت، بەڵام ئەو ڕێژەیە دەگاتە 33% لە ھەندێ کۆمپانیا.

Back to top button