ئێران له‌ به‌رهه‌م ساڵح و محه‌مه‌د حه‌لبووسی نیگه‌رانه‌

به‌رپرسێكی عێراق ئاشكرای كرد، به‌هۆی ناڕوونی هه‌ڵوێستیان و خۆ دزینه‌وه‌ له‌ بڕیاردان، كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ به‌رهه‌م ساڵح و محه‌مه‌د حه‌لبووسی توڕه‌یه‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆی بێهه‌ڵوێستیان له‌ پرسی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌یانه‌وێ به‌ خێرایی به‌ یاسایی بكه‌ن و له‌سه‌ر حكوومه‌ت بیسه‌پێنن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی “العربی الجدید”ی ڕاگه‌یاند، كه‌ ئێران خه‌ریكه‌ بگات به‌و باوه‌ڕێ، كه‌ به‌رهه‌م ساڵح و محه‌مه‌د حه‌لبووسی ئه‌و بۆچوونانه‌ی پێش وه‌رگرتنی پۆسته‌كانیان هه‌یانبوو، گۆڕیویانه‌ و له‌و خواستانه‌ی ئێران په‌شیمانبوونه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشتر ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر داوه‌، ئه‌مه‌یش نیگه‌رانی كردوون.

هه‌فته‌ی ڕابردوو چوار فراكسیۆنی سیاسی له‌ به‌غدا و نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه‌، ئه‌وانیش فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا و به‌در و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی و هاوپه‌یمانی سائیروون بوون، ئامانج و هۆكاری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌یش دوا پێداچوونه‌وه‌ بوو به‌ تێكستی دوا پێداچوونه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی یاسای ده‌ركردنی هێزه‌كانی بیانی له‌ عێراق، یه‌كێك له‌ به‌نده‌كانیشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌ هاتنی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2021 عێراق به‌ ته‌واوی خاڵی بكرێته‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ بیانییه‌كان.

ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی عێراق كه‌ قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ كردووه‌ گوتی، ئێرانییه‌كان چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له‌ به‌رهه‌م ساڵح و محه‌مه‌د حه‌لبووسی ده‌كرد، به‌ڵام بێده‌نگی ئه‌وان نیگه‌رانی كردوون، هاوكات سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدیش له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ تووشی گه‌وره‌ترین فشار هاتووه‌، ئێران ده‌یه‌وێ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ به‌ ڕوونی هه‌ڵوێستیان به‌ پشتیوانی له‌ پرۆژه‌ یاسای ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق هه‌بێت.

 

Back to top button