كۆنە لافیتە هاوڵاتیانی گەرمیانی نیگەران كردووە
هەڵواسینی ژمارەیەک دروشمی ساڵانی ڕابردوو لە گۆڕستانی دێبنە لە ۳۱ەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، نیگەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی لێ كەوتەوە.
ئەنوەر حەمەلاو تاقانەی ئەنفال لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبوک) چەند وێنەیەكی بڵاو كردووەتەوە كە هی ئەم لافیتانەن لەم رۆژانەدا لە ناوچەكەیان بۆ یادی ئەنفال هەڵواسراون، دەركەوتووەتە لافیتەكان هی ساڵانی رابردوون و لایەنە بەرپرسەكان خۆیان ئەزیەت نەداوە دروشم و لافیتەی نوێ بۆ یادەكە ئامادە بكەن.
حەمەلاو نووسیویەتی “لەگۆڕستانی دێبنە فلێکسە کۆنەکانی ۲۸ و ۲۹یەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال هەڵواسراون، ل ەکاتێکدا ئەمساڵ ۳۱ەمین ساڵیادی ئەو تاوانەیە”.
لە لایەکی ترەوە زیندانیانی ئەنفال لە هەژماری خۆیاندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبوک) ڕایانگەیاندووە كە سەرەڕای گەورەیی مەرگەساتی ئەنفال کە گەورەترین قوربانی میللەتێکە، بەڵام دیارە هیچ بودجە و پارەیەک بۆ یادكردنەوەی خەرج نەکراوە، بۆیە دروشمەکانی ساڵانی ڕابردووی بۆ هەڵواسراوەتەوە”.
زیندانیانی ئەنفال داوایان لە خێرخوازان كردووە هیمەتێک بکەن بۆ دابینکردنی پۆستەر و لافیتەی نوێ، بۆ ئەوەی مێژووی مەرگەساتی ئەنفال بۆ دواوە نەگەڕێتەوە.