پێشتر كچەكەی خۆی و پیاوێكی كوشت، دوێنێ خۆی كوژرا

 

 

ئێوارەی دوێنێ هاووڵاتییەک بە ناوی (ع. ڕ) لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کە لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، تەقەی لێکراوە و کوژراوەو كەسە كوژراوەكە پێشتر چەند تاوانێکی ئەنجام داوە و کچی خۆی کوشتووە.

بەپێی زانیاریەكان  کوژراوەکە ئامۆزای بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. بەپێی نوێترین زانیارییەکانیش، کوژراوەکە پێشتر چەند تاوانێکی ئەنجام داوە و ئەو ژنەی لە نێو پارکی دایک لە سلێمانی ماوەیەک لەمەوبەر تەرمەکەی دۆزرایەوە، کچی (ع.ڕ) کە بە مەلا (ع) ناسراوە، بووە و خۆی تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنەکەی بووە.

سەرچاوەیەك لە ھێزە ئەمنیەكانی سلێمانی دەلێ: بەهۆی ئەوەی شوێنی بکوژی ژنەکەی پارکی دایک نەزانراو بووە، نەیانتوانیوە دەستگیری بکەن. بەڵام هەر ئەو کەسە لە گەڕەکی (سابونکەران)ی ناوەڕاستی سلێمانی، هاووڵاتییەکی دیکەی کوشتووە و چەند ڕۆژێک بەو هۆیەوە دەستگیر کراوە، بەڵام دواتر بەبێدەنگی ئازادیان کردووە.

ڕۆژی (٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦)، کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی “س.ع.ڕ” لەلایەن باوکیەوە لەنێو پارکی دایکی شاری سلێمانی کوژرا و دواتریش دادگا لەسەر ڕووداوەکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ باوکی ئەو ژنە دەرکرد، بەڵام دەستگیر نەکرا.

Back to top button