یەکێتی هۆکاری واژۆنەکردنی ڕێککەوتنامەکەی لەگەڵ پارتی ئاشکرا دەکات.. کێ بەهۆکار دەزانێت؟

بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان بە هۆکاری واژۆنەکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەزانێت.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی ڕایگەیاند، واژۆ نەکردنی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی ”پەیوەندی بە یەکێتییەوە نییە“ و بانگەشەی ئەوەی کرد کە بابەتەکە پەیوەندی بە گۆڕان و پارتییەوە هەیە. ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە داوای دوو جێگرمان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام گۆڕان ڕەتی کردووەتەوە کە پۆستی سەرۆکی ھەرێم دوو جێگری ھەبێت، بێگومان ئەوەش کێشەکەیە و ئێمە چاوەڕێی چارەسەرکردنی دەکەین“.

بە گوتەی بەرپرسەکەی یەکێتی: ”ھۆکاری سەرەکیی واژۆ نەکردنی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە و ئەگەر گۆڕان بەشداری لە حکوومەت نەکردایە، ئێستا یەکێتی و پارتی بۆ بێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەشتنە دەرنجامێک“.

ئەحمەد قەدەفەری دووپاتی کردەوە: ڕێککەوتنی حزبەکەی لەگەڵ پارتی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکوو هەر کاتێک کێشەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چارەسەر کرا، ئەوکاتە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی واژۆ دەکەن.

Back to top button