نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئان هیدالگۆ سەرۆكی شارەوانی پاریس و شاندێكی یاوەری كرد.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆكی شارەوانیی پاریس و شاندێكی یاوەری كرد.
بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا خاتوو هیدالگۆ جیا لە دەربڕینی خۆشحاڵیی بە سەردانی هەرێمی كوردستان، باسی لە بەرنامەی سەردانەكەی كرد كە دەخوازن پێوەندیی باشیان لەگەڵ پارێزگای هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان هەبێت و لە بوارەكانی وزەی پاك، كولتوور، گواستنەوە و گەیاندن و پەرەپێدانی پێوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.
هەروەها سوپاسی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازییان لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران و بەرگریی پێشمەرگە لە ئاسایشی هەموو دنیا و بەها جیهانییە هاوبەشەكانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئاشتی و تەبایی و هیوای پێشكەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی كوردستان خواست.
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی خاتوو هیدالگۆ، سوپاسی فرەنسا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە لە شەڕی داعشدا هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كرد، چونكە بێ ئەو هاوكارییە سەركەوتن بەدەست نەدەهات و لەناوبردنی فكری داعشی بە پێویستیی ئەم قۆناغە زانی.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەرۆكی فرەنسای كرد كە دوای ڕووداو و كێشەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی ۲۰۱۷ لە ڕووی سیاسییەوە پشتگیریی هەرێمی كوردستانی كرد و دەرگا سیاسییەكانی بەسەر هەرێمدا كردەوە و ئەمەش بووە هۆی چارەسەركردنی بەشێكی كێشەكان لەگەڵ عێراق و كرانەوەی دەرگای گفتوگۆ.
سەرۆكی حكوومەت ڕوونی كردەوە كە دوای سەركەوتن بەسەر تیرۆردا و باشبوونی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و باشتربوونی دۆخی ژیان و ئابووری لە هەرێمی كوردستان، ئێستە كاتی ئەوە هاتووە لەسەر بابەتی وەك وزەی پاك و پاراستنی ژینگە و فراوانكردنی زیاتری كولتووری پێكەوەژیان كار بكەین.