عەبدولا گویل رەخنەی توند لە ئەردۆگان دەگرێت كە توركیای كردە خاوەنی هەڵبژاردنێكی گوماناوی
دوای ئەوەی لە هەلبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا ئاك پارتی حزبەكەی ئەردۆگان رووبەرووی شكستێكی گەورە بوو بە تایبەت كە سەرۆكی شارەوانی سێ گەورەی توركیای لە دەست دا لە ئێستادا دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بەڵگەنامەی دەستبەكاربوون ناداتە ئەو بەربژێرە سەركەوتووانەی پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپە” كە پێشتر لەكاتی باری نائاسایی لە ئەركەكانیان دوورخراونەتەوە، لەجێگەی ئەوان براوەی دووەم دەبێتە سەرۆكی شارەوانی، كە زۆرینەیان بەربژێری ئاكپارتین لە شارەوانییەكانی باكووری كوردستان.
عەبدولا گویل سەرۆككۆماری پێشووی توركیا لەو بارەیەوە رەخنەی لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان گرت بەوەی بەڵگەنامەی دەستبەكاربوون به ژمارەیەك بەربژێری هەڵبژێردراو نادەن و گوتی “دوای ئەوەی پاكانە بۆ پرۆفایلی بەربژێرەكان كرا و مۆڵەتیان پێدرا بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن، دواتر كە بەربژێرەكان هەڵبژێردران، ئیدی هیچ پاساوێك رەوایی نابێت بەڵگەنامەی دەستبەكاربوونیان پێنەدرێت و رێگریبكرێت لە وەرگرتنی پۆستەكانیان. رێگەگرتن لە وەرگرتنی پۆستەكانیان كێشەیەكی ئاڵۆز دەبێت و مایەی قبوڵكردن نییە”.
هەروەها عەبدوڵڵا گول رەخنەی لە دەسەڵات گرت و گوتی “دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە 4 بۆ 5 ساڵی بێ هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە. لەجێگەی سەرقاڵبوونیان بەمجۆرە كارانە، باشتر وایە خەمی خەڵك و بەڕێوەبردنی وڵاتیان هەبێت، كاری لەپێشینەی زۆر گرنگتر هەیە بایەخییان پێبدرێت و كاتیان بۆ تەرخانبكرێت. ناكرێت توركیا بكرێتە دەوڵەتێكی خاوەن هەڵبژاردنی گوماناوی”.