تاوانی ئەنفال قێزەوەنترین تاوانی رژێمی بەعسی رووخاوە
تاوانی ئەنفال، یەكێكە لە تاوانە هەروە گەورەو ترسناكەكانی رژێمی بەعسی رووخاو ، كە بە پێی نەخشەو پلانێكی تۆكمەو بە هەشت قۆناغی یەك لە دوای یەك لە ساڵی 1988 ئەنجامدرا، لە چوارچێوەی ئەم تاوانەدا، كە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس وەك یەكێك لە تاوانەكانی جینۆساید دژ بە گەلی كوردو كوردستان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ناسێنرا، چەندین تاوانی جۆراو جۆرو ترسناك ئەنجامدراون.
قۆناغیی دەستپێكی تاوانی ئەنفال لە 9ی 2ی 1988 دەستیپێكرد و تا دوا قۆناغ كە قۆناغی هەشتەم بوو لە 6ی 9ی 1988 بە كۆتا هات كەبە پێی بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكاندا هاتوە
رژێمی بەعس، پێش ئەوەی دەست بە ئەنجامدانی شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفال بكات، لە كۆتایی ساڵی 1986و بەدرێژایی ساڵی 1987كۆمەڵێك ئۆردگای زۆرە ملێی دروست كرد، كە ئامانج لێی كۆكردنەوەی زۆرترین خەڵكی بەشێك لە شارو شارۆچكەو گوندەكان بوو لەنێو ئەم ئۆردگایانە، دوای شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفالیش ئەو خەڵكانەی لە پەراوێزی شاڵاوەكە بە هەر شێوەیەك رزگاریان بوو، بە تۆبزی لەم ئۆردگایانە نیشتەجێكران.
سەبارەت بە هەر هەشت قۆناغەكەی شاڵاوەكانی ئەنفال، لە راپۆرتێكی شارەزایانی نێودەوڵەتیدا هاتوە ، 2451 گوند روخێنراون و لە سەرزەوی سڕاوەتەوە، نزیكەی 1344 قوتابخانە تێك دراون و رووخێنراون، 2027 مزگەوت تێك دراون و روخێنراون، 182 هەزار هاوڵاتی كوژراون یان لە سێدارە دراون یان بێسەرو شوێنكراون، سەدان خێزان ئاوارەی توركیاو ئێران بوون، دەست بە سەر هەموو سەروەت و سامانی هاوڵاتیان بە تایبەت بەرهەمە كشتو كاڵیەكانیاندا گیراوە، وێرانكردنی ژینگەی سرووشتی و سوتاندنی رەزو باخەكانیان، دەست گرتن بە سەر تەواوی سامانی ئاژەڵی هاوڵاتیان، بەكارهێنانی سیاسەتی سوتاندنی خاك، مین ڕێژكردنی ناوچەكان بۆ ئەوەی رێگریبكرێت لە گەڕانەوەی هاوڵاتیان
كوردستانیان و كورد، سەرگۆزشتەی زۆر تاڵیان لە گەڵ دڵڕەقی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و لە پێش هەمویانەوە رژێمی بەعسدا هەیە، چیرۆك و گیڕانەوەی ئەو سەرگوزەشتانە، بە كۆتا نایەت، رۆژ دوای رۆژیش بەڵگەو دیكۆمێنتی نوێ لەم بارەیەوە دەكەونە سەرەوەو بەردەست دەكەون.