پارێزگاری ناشەرعی كەركوك ھەواڵێكی (خواكوڕك) پشتڕاست دەكاتەوە و سوپاسی یەكێتی دەكات

دوای ئەوەی ماڵپەری خواكوڕك ئاشكرای كرد، چەند بەرپرسێكی یەكێتی ٣٢ تیرۆستی داعشیان ڕادەستی پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك كرادووە لە بەرامبەر پشتگیری كردنیان بۆ دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠١٩، ڕاکان جبووری، پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک کە بە جێبەجێکاری پرۆسەی تەعریب و دژایەتییە لەڕادەبەدەرەکەی بۆ کوردانی کەرکووک ناسراوە، ڕاگەیاندراوێکی دەرکردووە و تێیدا ئاشکرای کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی نیسان، دووەمین گرووپی تیرۆریستەکان ئازاد کراون کە ناوبراو بە (بەندکراو) وەسفی کردوون کە گوایە ڕۆڵەی پارێزگای کەرکووکن.

ڕاکان جبووری سووپاسی هەوڵی ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی و چەند ئەندامێکی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و بەرهەم ساڵحی کردووە، لە بەرامبەر ئەو کارە. دانیشی بەوەدا ناوە کە ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانە (تیرۆریستەکان) بەرئەنجامی گفتوگۆیەکی پێشوەختە بووە لە نێوان بەرپرسانی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی و ئیدارەی کەرکووک.

جبووری نەیشاردووەتەوە کە ئەگەر هەیە گرووپی دیکەش لەو تیرۆریستانە لەلایەن یەکێتییەوە ئازاد بکرێن و ڕای گەیاندووە کە هەندێک لە کەسوکاری گیراوانی دیکە، چاوەڕوانی کەسوکارەکانیان دەکەن. بۆیە داوای کردووە کە هیچ لێدوان و هەڵوێستێک وەرنەگیرێت، گفتوگۆکان لە نێوان یەکێتی و ئەوان بخاتە کێشەوە.

پیشتر ماڵپەڕی (خواكوڕك) بڵاویكردبووە، رۆژی ١٣ی ٢ی ٢٠١٩، هێزێکی دژە تیرۆری یەکێتی بە ١٣ ئۆتۆمبێل،، ٨ زیندانی عەرەبی سوننەمەزهەبیان گەڕاندووەتە شاری کەرکووک کە پێشتر بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەورەی تیرۆریستییەوە لە زیندانەکانی یەکێتی لە سلێمانی بەند کراون.
زانراوە کە ئازادکردنی ئەو تیرۆریستانە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی و ئەنجومەنی عەرەبیی کەرکووکە و یەکێتی دەیەوێ لە ڕێگەی ئەو کارەوە، نیازپاکیی خۆی نیشان بدات، تاوەکوو لە بەرامبەردا عەرەبی سوننەی کەرکووک هاوکاریی بکەن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و سازدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێناو دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک.
ئاشکراشكراوە کە هەر لە چوارچێوەی هەوڵدانی یەکێتی لەگەڵ عەرەبە سوننەکانی کەرکووک، کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ١١ی ٤ی ٢٠١٩، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی کە پێشتر لە کەرکووک بوون و ئاراس جەنگی سەرپەرشتی کردوون، ٢٥ بەندکراوی دیکەی عەرەبی سوننەی کەرکووکیان رادەستی لیوا ڕوکن سەعد حەربیە، فەرماندەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک کردووە.
خواكورك ئەوەشی ئاشكرا كردبوو کە ئەم زیندانیکراوانە لە ساڵی ٢٠٠٥ و دواتر بە تۆمەتی کاری تیرۆریستییەوە لە سنووری کەرکووک و گەرمیان و شەڕكردنی دژی پیشمەرگە لە رێزەكانی داعش دەستگیر کراون و لە بەندیخانەکانی سلێمانیدا زیندانی کراون. ئازادکردنەکەشیان پەیوەندی بە ڕێککەوتنێکەوە هەیە کە بە ناوبژیوانیی ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتیی عەرەبی سوننە و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، لە ڕێگەی بەرهەم ساڵح و لاهوور جەنگییەوە کراوە.
ئازادکردنی تاوانبارانی دۆسیەی تیرۆر لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی یاسایی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە کاتێکدایە کە هەر ئەم هەفتەیە، هەوڵێکی دیکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، شکستی هێناوە.

Back to top button