تائێستا ٪‏١ـی رووفاتی ئەنفالكراوان دەرھێنراون

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە قوربانیانی جینۆسایدی کورد لە عێراق رووفاتی ٢ ھەزار و ٦٧٢ کەس دەرھێنراوە.” بەو پێیە رووفاتی ١.٢%ی ئەنفاڵ و جینۆسایدکراوانی کورد دەرھێنراون.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: “لەکۆی ٢١٠ ھەزار کەس لە قوربانیانی جینۆسایدی کورد، کە لەنێویاندا ١٨٢ ھەزار کەس ئەنفالکران، تەنیا رووفاتی ٢ ھەزار و ٦٧٢ کەس لە ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ دەرھێنراون”.

بەرەڤان حەمدی، گوتیشی: “لەو ٢١٠ ھەزار کەسە ١٨٢ ھەزار کەس لە ٨ قۆناخدا ئەنفالکراون، ٨ ھەزار بارزانی و قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە و رووداوەکانی دیکە ھەن. زۆرترین گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کە رووفاتی کوردی تێدایە کەوتوونەتە سنووری پارێزگاکانی سەماوە، ئەنبار و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق”.

بریکاری وەزارەتی شەھیدان گوتی “ژمارەیەکی دروستی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەبەردەست نییە، کە ١٥١ گۆڕی بەکۆمەڵ زیاتر یان کەمتر دەگوترێت. ئەو گۆڕانەی ھەڵدراونەتەوە بەشێکیان پێش دەرچوونی یاسای پەیوەندیدار لەوبوارە بووە و بۆیە کەموکورتی لەداتاکاندا ھەیە”.

Back to top button