كات و ورده‌كاری سه‌ردانی عه‌بدولمه‌هدی بۆ سعوودیه‌ ئاشكرا بوو

سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ڕۆژی چوارشه‌می ئه‌و هه‌فته‌یه‌ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی بگاته‌ ڕیازی پایته‌ختی سعوودیه‌، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یشی ژماره‌یه‌ك رێككه‌وتنی هاوبه‌ش و جیا جیا واژوو ده‌كات.
سه‌رچاوه‌كان دووپاتیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ شانده‌كه‌ی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی زۆر گه‌وره‌ و فره‌وان ده‌بێ و 17ی نیسان/ئه‌پریل ده‌گه‌نه‌ ڕیاز و زیاتر له‌ 10 وه‌زیری حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی و ده‌یان پسپۆر و شاره‌زا و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و یاساناس و ئابووریناس یاوه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌بن.
ئه‌و سه‌ردانه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بۆ سعوودیه‌ دوای ته‌واوكردنی ئاماده‌كارییه‌كانی دیداری هه‌ردوولا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری سعوودی – عێراقی ده‌ست پێ ده‌كات، كه‌ ژماریه‌كی زۆر لێكگه‌یشتن و پرۆژه‌ی ستراتیجی ئاماده‌ كراوه‌ و هه‌ردوولا واژووی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كه‌ گرێبه‌ست و پرۆژه‌كان له‌ بواری وزه‌ی كاره‌با و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و گواستنه‌وه‌ و ئاسانی هاتوچۆی هاووڵاتییان و په‌ره‌پێدانی زیاتری كه‌رتی دیپلۆماسی و هاریكاری ته‌ناهی ده‌گرێته‌وه‌.
پێشتر میدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ دابینكردنی وزه‌ی كاره‌با له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌وه‌ ده‌بێ، كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ ڕیاز له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی سعوودیه‌ تاوتوێی ده‌كات.
Back to top button