گۆڕان: لە هەولێر پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەکرێ و باڵەکانی یەکێتی بودجەی زۆنی سەوز دەبەن

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە نەبوونی پڕۆژە و گەشەنەکردنی شاری سلێمانیدا ڕۆڵی هەیە و باڵەکانی حزبەکە بودجەی پڕۆژەکانی شارەکە دەخەنە گیرفانی خۆیان.

شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، ڕایگەیاند، ھەموو ساڵێک بەپێی یاسا، بودجە بۆ پڕۆژەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، بەڵام ئەوەی کە خەڵکی ھەستی پێ دەکەن، ئەوەیە کە تەنھا زۆنی زەرد پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دەدات، بەڵام ”لە زۆنی سەوزدا بەداخەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ ناکرێت“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەو بودجەیەی بۆ پڕۆژەکانی هەولێر تەرخان دەکرێت، هەمان بودجەش بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی تەرخان دەکرێ، ”من نامەوێ بڵێم پارتی یان لە هەولێر گەندەڵی ناکرێ، بەڵام چەندە گەندەڵی بکرێت، دواجار پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سنووری ژێر دەسەڵاتی پارتی جێبەجێ دەکرێت“. دەشڵێت: ”یەکێتی ھەمان بودجە بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی وەردەگرێت، بەداخەوە ئەو بودجەیە دەچێتە گیرفانی باڵەکانی یەکێتی و بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاریی هاووڵاتییان خەرج ناکرێت“.

بە بڕوای پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، یەکێتی لەنێو باڵەکانی خۆیدا تەخشان و پەخشانی ئەو بودجەیە دەکات کە بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی تەرخان دەکرێت، بەڵام ”ئەگەر ئەو بودجەیە لە دەستێکی ئەمیندا بێت، پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ھیچ کات بێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری نابن، بەداخەوە ئەو بودجەیەی کە بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان دەکرێت، دەچێتە گیرفانی باڵەکانی یەکێتییەوە“.

شیرین ئەمین باسی لەوەش کرد، دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی گۆڕان، بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە ڕێگری لە بەھەدەردانی بودجەی پڕۆژەکانی سلێمانی بکات و ”ڕێگە نادەین ئەو بوجەیەی بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاریی شاری سلێمانی دیاری دەکرێت، بچێتە گیرفانی باڵەکانی یەکێتی، دەبێ ئەو بودجەیە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەرخان بکرێت“.

Back to top button