یەكێتی: پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێتە گۆڕان، پێشمەرگە بەسەر سێ بەرەدا دابەش دەبێت

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە لێدوانێکی دا باسی لەوە کرد، ”گۆڕان ئامادەیە پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە بدات بە یەکێتی، ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگەمان پێ بدات“.

لە بەرامبەردا ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕاگەیاند: ”من دڵنیام یەکێتی وەزارەتی پێشمەرگە بەھیچ لایەنێکی دیکە نادات، جێگری سەرۆکی ھەرێمیش ھەر پەیوەندی بە بارودۆخی پێشمەرگەوە ھەیە“.

ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتی پێی باشە لەگەڵ پارتی بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ڕێکبکەوێت و ببن بە یەک ھێزی سەر بە حکوومەت، بەڵام ”بەم شێوەیە، نەک نابن بە ھێزێک، بەڵکوو مەترسیی ئەوە ھەیە کە ببنە بە سێ ھێز“.

لەبارەی وادەی کۆبوونەوەی شاندی یەکێتی و پارتی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان، سەرکردەکەی یەکێتی ئاشکرای کرد: ”نازانم و زانیاریم لەبارەی نییە، بەڵام پەرلەمان دەتوانێت کۆبوونەوەی خۆی بکات و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش تەواو بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە پارتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دوابخات تا ئەو کاتەی ڕێکدەکەون بۆ ئەوەی پێکەوە یاساکە تێبپەڕێنن“.

Back to top button